مستەفا چاوڕەش: كۆبوونەوەی نێوان بارزانی و شاندەكەی یەكێتی زۆر سەركەوتوو بووە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ سەردانی بارەگای بارزانیان كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ڕای دەگەیەنێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بارزانی و شاندی مەكتەب سیاسیی یەكێتی زۆر سەركەوتوو بووە و ئەو برادەرانەی ئێمە كە لە كۆبوونەوەكە بەشدار بوون پێیان ڕاگەیاندم كە بە ئەنجامی باش هاتووینەتەوە.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی ڕادگەیاند،،م: “كۆبونەوەكە بە ئەرێنی دەزانم و تەمەنا دەكەم ئەم گرێ كۆنەیە بكرێتەوە، تا چیتر خەڵك چاوەڕێ نەكات، ئەمڕۆ كە كۆبوونەوەم بە لیواكانی كاك كۆسرەت دەكرد پەیوەندیم بەو برادەرانەی خۆمانەوە كرد، كە لە كۆبوونەوەكەی كاك كۆسرەت و كاك مەسعود بەشدار بوون، پێیان ڕاگەیاندم كە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یەكێك بووە لە كۆبووەنەوە باشەكان و زۆر سەركەوتوو بووە و بە ئەنجامی باش هاتووینەتەوە”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی گوتیشی: “تەمەنا دەكەم ئەم كۆبوونەوەیەی مەكتەبی سیاسی بە ئەنجامی باش لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لەلای كاك مەسعود دەمێنێتەوە كۆتایی بەو هەموو ناخۆشی و دڵەڕاوكێیە بێنێت و ببێتە بەرنامەی كار بۆ ئەو كۆبوونەوەیی دەكرێت”.
ڕوونیشی كردەوە: “پێویستە بە هەموومانەوە حكوومەتێكی بەهێز پێك بهێنین كە هی هەموو خەڵكی كوردستان بێت و دەبێ هەموو ئەو ڕۆژگارەیان لەبیر بێت كە بە چ قۆناغێك گەیاندوومانەتە ئێستا و بیر لە شتی ناخۆش نەكەینەوە، لەبەر ئەوەی چوار دەورمان ئاگادارین چییە و لەگەڵ عێراقیش بەنابەدڵی لەگەڵ یەكین، چونكە شتێكی وایان نەكردووە تا پیاو دڵی پێی خۆش بێت هەم لەڕووی پێشمەرگە و هەم لە ڕووی شتەكانی دیكەوە”.