غالب محەمەد: پڕۆژەكەی ماڵی مام پڕۆژەیەكی بازرگانیە سودی بۆ هاوڵاتیان نیە
دوای ئەوەی یەكێـتی نیشتمانی كوردستان راگەیاند پڕۆژەی ماڵی مام كە لە (مۆنۆمێنت، كتێبخانەی نیشتمانی، ھۆڵ و گەلەری، سەكۆی ئازاد، پارك و داری بەردار) پێكهاتووە لەسەر رووبەری 80 دۆنم زەوی لە سلێمانی دروست دەكەن, ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، ئەو كارانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (ماڵی مام) ئەنجامی دەدات، ”بازرگانییە“ و ”سوود بە خەڵك ناگەیەنێت“.
د. غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاندووە: “پڕۆژە ئەوەیە كە تۆ ڕێگای نێوان كەلار-سلێمانی، سلێمانی – پێنجوێن، سلێمانی – ھەڵەبجە بكەیتە دووساید، ئەمەی دەكرێ پرۆژەیەكی بازرگانییە و سوود بە خەڵك ناگەیەنێت و لە بەرژەوەندییاندا نییە، تا ئێستا نازانرێت ئەم زەوییەی چۆن بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە، بە پارەی كێ دروست دەكرێ و چۆن دەكرێت؟“.
ئەوەی خستە ڕوو، ئەگەر پرۆژەكە وەبەرھێنانە، ئەوا دەبێ كارەكانی لای وەبەرھێنان تەواو بكرێت، ئەگەریش پڕۆژەیەكی وەبەرھێنان نییە و شتی دیكەیە، ”ئەوا دەبێ لەسەری ڕێك بكەوین“.
شایەنی باسە, ئێوارەی ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠١٩، پرۆژەی ماڵی مام ڕاگەیاندرا كە لەسەر ڕووبەری ٨٠ دۆنم زەوی درووست كراوە و لە (مۆنۆمێنت، كتێبخانەی نیشتمانی، ھۆڵ و گەلەری، سەكۆی ئازاد، پارك و داری بەردار) پێكهاتووە.