ئاژانسی سپۆتینگی رووسی: ئەو تەقینەوانەی لە موسڵ ئەنجامدەدرێن حەشدی شەعبی ئەنجامیان دەدات
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو چەندین تەقینەوە لە موسڵ و دەورووبەری روویدا ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی راگەیاندووە، تەقینەوەكانی ئەم دواییەی شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە ئەنجام نەدراون، بەڵكو حەشدی شەعبی لە ژێر پەردەی داعش ئەو كردەوانە ئەنجام دەدات.
سەرچاوەیەك لە موسڵ بە ئاژانسی سپۆتینگی رووسی راگەیاندووە “ئەگەر تێبینی بكرێت، تەواوی تەقینەوەكانی ئەم دواییەی شارەكانی سەڵاحەدین، كەركووك، مووسڵ و بێجی لە بەردەم چێشتخانەكان روو دەدەن، هەندێك لێكۆڵینەوەش دەریانخستووە، ئەو تەقینەوانە لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە لەو شوێنانە ئەنجام دەدرێن، لەبەر ئەوەی بڕێكی زۆر خواردنیان لەو چێشتخانانە خواردووە و پارەی خواردنەكەیان لەسەریان كەڵەكە بووە، ئێستاش خاوەن چێشتخانەكان داوای پارەكانیان دەكەن.
ئەو سەرچاوەیە بۆ سپۆتنیك دەڵێت: “كاتێك خاوەن چێشتخانەكان داوای پارەكانیان دەكەن، كە قەرزی هەندێكیان 100 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، چەكدارانی حەشد هەڕەشەیان لێ دەكەن، ئەگەر خاوەن چێشتخانەكان بە هەڕەشەش بێدەنگ نەبوون، ئەوا تەقینەوە لەبەردەم چێشتخانەكانیان ئەنجام دەدەن”.
سەرچاوەكە جەختیش دەكاتەوە، “ئەوەی دەیڵێم تۆمەت بۆ هەڵبەستن نییە، بەڵكو واقعە و دوای دەركردنی داعش هیچ جێپەنجەیەكی ئەو رێكخراوە بەو تەقینەوانەوە دیار نییە، كە بەم دواییانە لە مووسڵ ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت ئەو تەقینەوانەی كە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و سەرۆكی دامەزراوە ئابوورییەكان و فەرمانگەی دەستپاكی و گومرگییان كردووەتە ئامانج، لەوانەش ئەو تەقینەوەیەی عوگلە جحێشی، دادوەری گومرگی ناوچەی باكووری كردە ئامانج، كە لە كۆتاییدا ئاشكرا بوو، ئەو دادوەرە دەستی بەسەر ئەو تانكییانەدا گرتبوو، كە هی بەرپرسانی حەشدی شەعبی بوون و نەوتییان بە قاچاغ پێ دەبرد، بۆیە وەك تۆڵە سەندنەوەیەك، حەشدی شەعبی ئەو دادوەرەیان كردە ئامانجی تەقینەوەیەك”.
وەك راشیگەیاندووە، “لە سەرجەم تەقینەوەكانی ئەم دواییەدا لەو ناوچانەی ئاماژەم پێدا، هیچ جێپەنجیەكی داعش پێوە دیار نییە، بەتایبەت ئەو تەقینەوەیەی لە بەردەم زانكۆی مووسڵ ئەنجام درا، لەكاتێكدا تاكتیكی كردەوەكانی داعش دیار و جیاوازە، چونكە داعش هەمیشە هێزە ئەمنییەكان و ناوەندە گرنگەكانی ئیداری دەكەنە ئامانج و تەكنیكەكەشیان زۆر جیاوازترە”.
هەروەها گوتی: “هەمیشە داعش لە كردەوەكانیدا ئۆتۆمۆبیلە كۆن و هەرزانەكان بەكار دەهێنن، بەڵام حەشدی شەعبی لە تەقینەوەكانیدا ئۆتۆمۆبیلە نوێ و مۆدیل لەپێشەكان بەكار دەهێنن، كە هی كەسانی دیكەن و لەلایەن حەشدەوە لەگەڵ خاوەنەكانیان دەستگیركراون”.
بەم دواییانە رێژەی تەقینەوه لە شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق كە لە دەست داعش رزگاركراون، رووی لە زیادبوون كردووە, زۆربەی تەقینەوەكانیش لەڕێگەی ئۆتۆمۆبیلی مینڕێژكراوەوە و لەبەردەم چێشتخانە و فەرمانگەكانی داد ئەنجام دەدرێن، كە لە میدیاكان وا نیشان دەدرێن، گوایا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجام دەدرێن.