سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئیدانەی سەربڕینی 50 ژن وكچی ئێزیدی دەكات لە لایەن داعش

 

دوای ئەوەی میدیایەكی بەریتانیا هەواڵی سەر بڕینی 50 كچ و ژنی ئێزیدی لە باغۆز لە لایەن تیرۆریستانی داعش راگەیاند, سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان سەركۆنەی سەربڕینی 50 كچ و ژنی ئێزدی دەكات و داوای گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان دەكات.

لە راگەیەندراوێكدا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە، بەپێی سەرچاوە سەربازی و میدیاییەكانی بەریتانیا داعش 50 كچ و ژنی كوردی ئێزدیی بەشێوەیەكی دڕندانە سەربڕیوە. ئەم هەواڵە جارێكی تر تاوانە كۆمەڵكوژییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشمان بیردەخاتەوە كە لەدژی كوردانی ئێزدی و سەرجەم ئاین و نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان ئەنجامیاندا.

سەرۆكایەتی پەرلەمان داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵیی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بەداواداچوون و رێوشوێنی یاسایی و پێویست بگرنەبەر بۆ هێنانەوەی تەرمی قوربانییەكان و بەدۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم تاوانە و سەرجەم تاوانەكانی تری رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بەتاوانی نێودەوڵەتی ناو دەبرێن وەكو تاوانەكانی جینۆساید و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ.

Back to top button