سبەی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێـتی كۆدەبنەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی یەكێتی سەردانی بارەگای بارزانیانكردوو لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە, سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتی ئاشكرایكردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ و پرسەكانی كەركووك و بەغدا كۆببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دواخرا.
ھاوكات سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەو ھەواڵەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، سبەی پارتی و یەكێتیی كۆدەبنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوو لە ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆبوونەوە.
لە دیدارەكەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی ڕێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كرایەوە ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت.