ڤیان سەبری: لیژنەیەكی باڵا لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەراندا دروست دەكرێت

بڕیارە لیژنەی تایبەت لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دروست بكرێت، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییش جەخت لە پێویستیی پێكهێنانی ئەو لیژنەیە دەكاتەوە.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران وەك پێویست نەبووە، بۆیە لە داهاتوویەكی نزیكدا لیژنەیەكی هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە دروست دەكرێت.

لەو بارەیەوە د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندووە: ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی پشتیوانی لەو هەنگاوە دەكەین و گرنگە پەیوەندی لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراقدا هەبێت، بەتایبەت لەسەر كۆمەڵێك پرسی وەك بودجە و پرسی سوپا و زۆر پرسی دیكە.

ڤیان سەبری ئەوەشی خستە روو، گرنگە دامەزراوەكان ئەو هەماهەنگییە دروست بكەن و ئەمە پێشتریش دەستپێشخەریی پارتی بووە، كە دەبێت ئەو هەماهەنگییە هەبێت، بۆیە دەبێت لیژنەیەك یان كۆمیتەیەك بۆ رێكخستنەوەی كارەكان دروست بكرێت.

Back to top button