دانیشتن چ زیانێك به جومگه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت و چاره‌سه‌ری چییه؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌هۆی ئه‌و شۆڕشه تهكنهلۆژیاییهی له جیهانیدا ڕوویداوه، زۆربه‌ی كاته‌كانی به دانیشتنه‌وه به‌سه‌رده‌بات، دانیشتنیش كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی هه‌یه له‌سه‌ر دروستبوونی ئازار، به‌تایبه‌تی ئازاری به‌شی خواره‌وه‌ی پشت.
د.هه‌ڤین كه‌مال شا محه‌مه‌د پسپۆڕی ئازار‌و نه‌خۆشییه جومگه‌ییه‌كان به سایتی خاكی راگه‌یاند: به‌م چوار ڕێگایه ده‌توانین كاریگه‌ری دانیشن له‌سه‌ر جومگه‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه:
1-هه‌سته سه‌رپێ هه‌موو 20-30 خولهك جارێك
هه‌ستانه سه‌رپێ یارمه‌تی جوڵه‌ی ماسولكه‌كانی به‌شی خواره‌وه‌ی پشت و ڕان و قاچ ده‌دات، هه‌موو جوڵاندنێكیان ده‌بێته زیاتر هاتووچۆكردنی خوێن له هه‌موو له‌شدا، كه ئه‌مه ده‌بێته هۆی زیادكردنی وزه له له‌شدا.
2-زیادكردنی وه‌رزش و ڕاكێشانی ماسوولكه بۆ ژیانی ڕۆژانه‌ت
دانیشتن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌بێته هۆی كورتبوونه‌وه‌ی ماسولكه‌كانی ڕان و ماسولكه‌كانی ده‌وری حه‌وز، به‌كارهێنانی به‌رده‌وامی ماوسی كۆمپیوته‌رو كیبۆرده‌كه‌شی ده‌بێته هۆی ڕه‌قبوونی ماسولكه‌و جومگه‌ی شان، له‌به‌رئه‌وه ئه‌نجامدانی هه‌ندێك وه‌رزش بۆ كشانی ماسولكه‌كان و جوڵه‌یان ده‌بێته هۆی خاوكردنه‌وه‌ی ماسولكه‌كان.
3-دووركه‌وه‌ره‌وه له به‌كارهێنانی ئامێره ئه‌لیكترۆنیه‌كان زیاد له‌كاتی پێویست
وه‌كو هه‌موو كه‌سێكی ئه‌م سه‌رده‌مه له‌وانه‌یه له ئیشی ڕۆژانه‌تدا زیاتر له 8 كاتژمێر كۆمپیوته‌ر یان ئامێری ئهلهكترۆنی به‌كاربهێنیت له ڕۆژه‌كه‌دا، بۆیه هه‌ركاتێك گه‌شتیته‌وه ماڵ دووركه‌وه‌ره‌وه له ته‌له‌فزێۆن و لاپتۆپه‌كه‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م خووه ناته‌ندروستانه ده‌بێته هۆی دانیشتنی زیاتر، به‌پێچه‌وانه‌وه دانانی پلان بۆ وه‌رزشكردن یاخود ئهكتڤیتی چالاكانه وه‌كو ڕۆشتن به پێ یاخود پاسكیلسواری كاریگه‌رییه‌كی باشی هه‌یه.
4-ده‌ستبكه به ڕۆشتن و پیاسه‌كردن
مه‌رج نیه وه‌رزشكردن ته‌نها له جیم بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵبده به‌پێ بڕۆ‌و پیاسه بكه چه‌ند ده‌توانیت له ڕۆژه‌كه‌دا، ڕۆشتن به پێ گه‌لێك سوودی سروشتی هه‌یه بۆ له‌شی مرۆڤ، وه‌كو ڕژاندنی ئازارشكێنه سروشتییه‌كان وه‌كو ئیندۆرفین، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕۆژانه بتوانیت به پێ بڕۆیت ئه‌توانیت ئه‌م دوو ڕێگایه بكه‌یت.
*هه‌موو ڕۆژێك وا داینێ كه ڕۆشتن بۆ كاره‌كه‌ت یان هه‌ر ئیشێكی ترت ماوه‌یه‌كی ڕۆشتنی تێبكه‌وێت، بۆ نموونه ئه‌توانیت ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له شوێنێكی تۆزێك دوورتر له شوێنی كاره‌كه‌ت ڕاگریت بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌یت به ڕۆتینێكی ڕۆژانه به پێ ڕۆشتن.
*دانانی به‌رنامه‌ی هه‌نگاو پێوان (step) له‌ناو مۆبایله‌كانماندا، یاخود به شێوه‌ی ئامێرێكی بچووك ئه‌به‌سترێت له جله‌كانمان یاخود به‌شێوه‌ی سه‌عات هه‌یه، قازانجی ئه‌م به‌رنامه‌یه ئه‌وه‌یه كه هه‌نگاوه‌كانمان ئه‌پێوێت و پێمانده‌ڵێت چه‌ند به پێ ڕۆشتووین و چه‌ند كالۆریمان سوتاندووه.