پەیامێك لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (28)ەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلی كورد پەیامێك بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممه 5ـی 3ـی 2019 ، لە پەیامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، بەر لە (28) ساڵ و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا رۆڵەكانی گەلەكەمان بە سەرجەم چین و توێژەكانیەوە، یەكەم تروسكەی راپەڕینیان لە شاری رانیە دژ بە ستەم و ژێردەستەیی داگیرساند و لاپەڕەیەكی نوێی سەروەرییان لە مێژووی نەبەردی و تێكۆشان لە كاروانی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان تۆمار كرد.
مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاشكرای كردووە، راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی گەلەكەمان سەرچاوەی گرتبوو، پەیامی نەتەوەیەك بوو دژ بە سیاسەتی چەوتەكانی حكوومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق، كە مێژوویەكی پڕ شەرمەزاری بوو بۆیان لە ئەنفالكردن و كیمیابارانكردن و جینۆساید و سەركوتكردن، لەو سۆنگەیەوە ویست و خواست و ئیرادەی گەلەكەمان سەلماندی خاوەن مێژوویەكی پڕ لە شانازییە و لەو پێناوەشدا دەریایەك قوربانی داوە و بەردەوامیشە لەو كاروانە سەرفرازییەدا.
لە پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ هاووڵاتییان ئاماژە دراوە، زنجیرە راپەڕینەكانی بەهار و نەورۆز دەسكەوتێكی هەرەگرنگی مێژوویین بۆ گەلەكەمان و بەدیهێنەری ئەو قۆناغەن لە فەرمانڕەوایەتی و پرۆسەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (1992)، بۆیە ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەموو لایەكمانە ئەو دەسكەوتە مەزنانە بپارێزین و داكۆكی لێ بكەین بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، هەروەها زیاتر هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی گشت ئامانجە رەواكانمان بنێین، ئەمەش لەرێی یەكدەنگی و یەكڕیزیی حزب و لایەنە سیاسییەكان بەدی دێت كە بەرژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و مەرامی بەرتەسك و لاوەكی سیاسی.
لەبارەی چارەسەری كێشەكان ئاماژە دراوە، پارتیمان باوەڕی وایە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان پێویستمان بە هاودەنگیی نیشتمانییە و پێویستە هەمووان لە دەوری یەك ئامانج كۆ ببینەوە و كاری لە پێشینەمان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانمان بێ، پێویستە ناوماڵی كورد رێك بخرێتەوە و هەنگاوی رژد بنرێ بۆ پاراستنی كوردستان لە مەرام و سیاسەتی دزێو و پیلانگێڕانە و چارەسەركردنی كێشەكان.
“هەمیشە هەڵوێست و بەرنامە و پەیامی نزیك و درێژخایەنی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی لە گشت قۆناغەكانی خەبات و تێكۆشاندا، كە هەردەم كاری هەرە لە پێشینەمان لە خواست و ویستی جەماوەری كوردستان سەرچاوەی گرتووە و لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش تۆزقاڵێك درێغیمان نەكردووە و ناشیكەین، هەر لە دابینكردنی مافەكان و دەستبەركردنی ژیانێكی ئاسوودە و شایستە و شەرەفمەندانە بۆ كوردستانییانی خۆشەویست تا بە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیار و تیرۆریستان دەگات لە بەرەكانی شەڕدا و لەو پێناوەشدا بەدەیان شەهیدمان بەخشیوەتە ئەو خاك و نیشتمانە، هەروەها پتەوكردن و بەهێزكردنی یەكڕیزی ناوماڵی كورد و پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی”. لە پەیامەكەی پارتی وا هاتووە.