سلێمانی جیاناكرێتەوە
هێمن عەبدوڵڵا
لە خۆپیشاندانەكەی هەفتەی رابردوودا لە سلێمانی، خۆپیشاندەر هوتافیان بۆ عەبادی كێشا. ئەمەش هەرچەندە دەربڕینێكی سیمبۆلیك بوو بۆ پیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر بەردەوامبوونی بێ مووچەیی، بەڵام زۆر كەسی هێندە نیگەران كرد كە كەوتنە توانجگرتن لە شاری سلێمانی و مێژووی كوردایەتییەكەی. ئێستا با بێین بە ئەعسابی ساردەوە بپرسین: هەم هوتافدان بۆ عەبادی و هەم ئامادەكردنی پرۆژەش بۆ جیابوونەوەی سلێمانی لە هەولێر چی لێ شین دەبێ و چەند ئایندەی هەیە؟
پێویست نییە بیر كەسی بهێنینەوە كە سلێمانی پایتەختی مەملەكەتی باشووری كوردستان و شاری تەسلیمنەبوون بە بڕیاری خوڵقاندنی دەوڵەتی عێراق بووە. بۆیە مەنتیقی نییە هوتافی پشتیوانی بۆ عەبادی بۆ پشتكردنە ئەو بیروباوەڕ و مێژووە بووبێت. ئەوەی من لێی تێگەیشتم، پەیامەكە زۆرتر ئەوەبوو كە هێندە لە ناسەركەوتوویی فەرمانڕەوایی كوردستان ناڕازین و هێندە گیرفانی بەتاڵ و ئایندەی ناڕوون گوشاری بۆ دروستكردوون كە خۆزگە بە عەبادی دەخوازن. واتە پەیامی دووبارە و سەتبارە بوو بۆ بەخۆداچوونەوەی فەرمانڕەوایی لە كوردستان.
بەڵام ئەو پرۆژەیەی پەرلەمانتار و سەركردەكانی چەند حیزبێك بۆ مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكان باسی دەكەن (لەحاڵەتی پابەندنەبوونی هەولێر بە رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ بەغدا) زۆرتر لەوەی پرۆژەیەكی واقیعیی قابیلی جێبەجێكردن بێت، موزایەدە و بەكارهێنانی كارتێكی گوشارە كە بەر لە بەكارهێنانی سووتاوە.
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەغدا، جوان روونیكردووەتەوە كە بۆچی بیرۆكەكە هەڵەیە. پوختەی ئارگیومێنتەكە ئەوەیە كە ئەگەر هەولێر پابەندی رێككەوتنەكە نەبوو، هەروەها سلێمانی بەتەنیا داهاتی هێندە زۆر بوو كە بینێرێتە بەغدا، لە بەرامبەردا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە بنێرێت، كەواتە بۆ سلێمانی ئەو داهاتە زۆرە لەئێستاوە ناداتە مووچە و چ پێویست دەكات ئەوكات بینێرێتە بەغدا و جارێكی دیكە بەشێكی لێ وەربگرێتەوە؟ ئەگەریش سلێمانی داهاتێكی ئەوتۆی نییە، لەبەرامبەر چیدا عەبادی و بەغدا ئامادە دەبن لە داهاتی نەوتی بەسرە و شوێنەكانی دیكە بەشی سلێمانی جیابكەنەوە؟ بێگومان وەڵامەكە روونە: دەبێ زۆنی سەوز و نیلی لە هەرێمی كوردستان جیاببێتەوە و بیگۆڕێتەوە بە لامەركەزییەتی مووچەیی.
راستییەكەی بەشێك لە پارتییەكان ئەمەیان پێخۆشە و لە دانیشتنە نافەرمییەكانیشیاندا نایشارنەوە كە بە جیابوونەوەی سلێمانی و هەڵەبجە، حكومەتی كوردستان هەم بەشی ئەوە داهاتی نەوتی دەبێت كە مووچەی فەرمانبەرانی بەزیادەوە دابین بكات و هەم رزگاریشی دەبێت لە دڕدۆنگیی ركابەرەكانی پارتی و رەخنەگرە سەرسەختەكان لە سیاسەتەكانی.
بەڵام هەردوو خەون بەتاڵن، چونكە نە خەڵكی سلێمانی بە جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر مووچە رازی دەبن و نە پارتییە جوداخوازەكانیش دەتوانن خۆیان لەوە بدزنەوە كە مەلا مستەفا شۆڕشەكەی لەسەر ئەوە دانا بە نیوەی كەركووك رازی نەبوو و داوای هەمووی دەكرد، بۆیە ئێستا نەوەكانی بۆیان نییە و ناتوانن بە جیاكردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە رازی بن.