ئومێد خۆشناو وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا دەكات
دوای ئەوەی دوێنێ پارتی و یەكێـی رێككەوتن لە بارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت, وا بڕیارە یەكێتی بەشدار لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بكات و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان، ئاشكرا دەكات.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رادگەیاند، بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە 6-3-2019 پەرلەمانی كوردستان بۆ تەواوكردنی پێكهێنانی لێژنە هەمیشەییەكان، كۆ ببێتەوە.
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە و تا ئەو كات حزبەكان كاندیدی خۆیان بۆ لێژنەكان دیاری دەكەن.
تا ئێستا تەنیا لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دیاری كراوە و چاوەڕێ دەكرێ دوای گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لێژنەكانی دیكەش دیاری بكرێن.
رۆژی دووشەممە 4-3-2019، شاندی باڵای مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لە هەولێر كۆبوونەوە و دواتر نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، رێككەوتنی حزبەكانیان واژوو كرد.