دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق: لەبەرژەوەندی جوتیارانی كوردستان بڕیاری هەناردەكردنی پارەی سێ ساڵی گەنمی لە لایەن حكومەتی عێراقدا
دوای ئەوەی دادگای رەسافەی عێراق چەند مانگێك بەر لە ئێستا لە بارەی هەناردنی پارەی سێ مانگی گەنمی جوتیاران لە بەرژەوەندی جوتیاران بڕیاریدا. وەزارەتی بازرگانیی عێراق تانەی لە بڕیاری دادگای بەرایی دا لەبارەی كەیسی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی كوردستان بڕیاری دا.
ڕێبین شەمامكی، پارێزەری خۆبەخش لە كەیسی جووتیارێكی هەرێمی كوردستان لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە كە دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕەسافە، ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی ئاداری ٢٠١٩، جارێكی دیكە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستانی بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دەركردووە.
مام فارس و چەند جووتیارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی ئەوەی لەو ساڵانەدا بڕە گەنمێكی زۆری خۆیان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق كردووە و شایستە داراییەكانی خۆیان وەرنەگرتووە، سكاڵایەكیان لە دادگای ڕەسافە لە دژی وەزارەتی بازرگانی تۆمار كردووە و داوای شایستەی خۆیان كردووە و دادگاكەش بڕیاری خەرجكردنی شایستە داراییەكانیانی داوە. لەمبارەیەشەوە پێشتر ڕێبین شەمامكی، پارێزەری خۆبەخشی كەیسەكە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو كە سەرجەم جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەتوانن سوود لە كەیسەكە سوودمەند دەبن و چیتر پێویست بەو ڕێكارە زۆرانەی دادگاییكردن نییە بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكان، بەڵكوو سەرجەم جووتیاران بە سكاڵایەك لە ڕێگەی پارێزەرێكەوە، دەتوانن بە ئاسانی بڕیاری دادگا بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان بەدەست بهێنن.