بەرێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر: ئەمریكا بەڵنێنی وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی كوردستان پێداین
دوای ئەوەی ئەمریكا گەورەترین كونسولخانەی خستە واری بیناكردن لە هەرێمی كوردستان, بەرێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژە بەوە دەكات كە كۆبوونەوەیان لەگەڵ كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەوان رایان گەیاندووە كە وەبەرھێنان لە كوردستاندا دەكەن.
سامان عارەب، بەرێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ئاگاداری سەرجەم وەبەرھێنەرانیان كردووەتەوە كە دەست بە پرۆژەكانیان بكەنەوە، بەشێكیان دەستیان بە پرۆژەكان كردووەتەوە و بەشێكیشیان بە پاساوی یاسایی، پرۆژەكانیان راگرتووە. گوتیشی: ”ھەر وەبەرھێنەرێك پابەند نەبێت، مۆڵەتەكانیان لە سنووری پارێزگای ھەولێر هەڵدەوەشێتەوە، ٧٠ وەبەرھێنەر ئاگادار كراونەتەوە لە %٨٠ی دەستیان بەكار كردووەتەوە، بەشێكیان مۆڵەتیان ھەڵوەشاوەتەوە”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆمەڵێك وەبەرھێنەر پرۆژەی ستراتیژییان پیشكەش كردووە كە خۆی لە پرۆژەكانی پیشەسازی و تەندروستی و گەشتیاری دەبینێتەوە، ”ئەولەویەتی حكوومەتیش پرۆژەی پیشەسازییە”.
راشی گەیاند: ”بە بەراورد بە پرۆژەكانی ساڵی ٢٠١٧، لەساڵی ٢٠١٨دا لە ٢٠٠٪ (واتە لە سەدا دووسەد) مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان زیادی كردووە، بۆیە ساڵی ٢٠١٩ باشترین ساڵ دەبێت بەبەراوردی لەگەڵ دووساڵی رابردوو“.
لەبارەی وەبەرهێنانی بیانیش، سامان عارەب ئاشكرای كرد، بەپێی پرۆپۆزەڵ، بەشێك لە وەبەرھێنەرانی سعوودی و كوێتی و ئەورووپی، ”زانیاریمان پێداون كە دەیانەوێت وەبەرھێنان بكەن“. گوتیشی: ”لەگەڵ كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەمان كردووە، بەڵێنیان داوە لە كوردستان وەبەرھێنان بكەن“.