دەمیرتاش داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات واز لە یەکێتیی نەتەوەیی کورد نەھێنێت
دوای تێپەڕنی زیاتر لە دوو ساڵ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە لە زیندان, لەیەكەم چاو پێكەوتنی میدیایی لەگەڵ میدیایەی باشوری كوردستان, داوا لە سەرۆك مەسعود بارزانی دەكات واز لە یەكێتیی نەتەوەیی كورد نەھێنێت، چونكە رزگاربوون لەو بەڵایانەی بەسەر كورددا دێت، ھەموویان بە ھۆی نەبوونی ئەو یەكێتیی نەتەوەییەیە، كە بارزانی بۆ خۆی ھەوڵی زۆری بۆ داوە. ھەروەھا دەمیرتاش داوا لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەكات، بۆی نیگەران نەبن كە لە زیندانە، چونكە ئیدی ئەم سەدەیە سەدەی كوردە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، ھیچ ھێزێك ناتوانێت بەر بە كورد بگرێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە، كە زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی ئێدیرنا لە توركیا زیندانی كراوە و چەندین تۆمەتی دراوەتە پاڵ، لە ھەموویاندا وەكوو پاڵپشتیكار لە تیرۆریست، كە مەبەستیان لە (پەكەكە)یە، تۆمەتبار كراوە. لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی باسی باشوری كوردستان:” سڵاوی گەرمی بۆ سەرۆك بارزانی و ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان ناردووە.
دەربارەی ئەوەی كە دوای ئەوەی خراوەتە زیندانەوە، لە لایەن سەرۆك مەسعود بارزانییەوە ھیچ پەیامێكی پێگەیشتووە؟، دەمیرتاش دەڵێت: “كاتێك ھاتە توركیا و ھەروەھا كاتێك لیژنەیەكی ھەدەپە سەردانی ھەولێری كرد و چوونە لای بەڕێزیان، لە رێگەی ئەوانەوە سەلامی پڕ بایەخی ئەویان بۆ ھێنام. لەوە زیاتر ھیچ پەیامێكی تر لەنێوانماندا نەبووە، بەڵام ھەمیشە ھەستم كردووە، كە بارزانی بەرامبەر بە من، وەكو خۆشەویست و برا سەیری كردووم، پێچەوانەكەشی ھەر وایە، منیش بەرامبەر بە بارزانی خۆشەویستی و رێز و حورمەتێكی بێ سنوورم ھەیە بۆی. من لە زیندانەوە لە رێگەی ھەفتەنامەكەتان سەلامێكی گەرم بۆ بارزانی دەنێرم. كاتێك بارودۆخ زۆر بەرتەسك دەبێتەوە بۆ كورد، لە ھەموو لایەكیشەوە پەلاماری كورد دەدرێت، ئاگادارم، بەڵام ئەو پیلان و بەڵایەی بەسەر كورددا دێت، كۆتایی پێھێنانی یەك رێگەیە، ئەویش دروستكردنی یەكێتیی نەتەوەیی كوردە. بەڕێزیان لەو رووەوە زۆر ھەوڵیان دا و زۆر پاڵپشتی ئەو پرسە بوون، بۆیە تكای لێ دەكەم وازی لێ نەھێنێت، با رۆحی یەكێتیی نەتەوەیی كورد لەدەست نەچێت. داواكارم بارزانی ھەمیشە تەندروست باش بێت و سەركەوتوو بێت.
هەفتەنامەی باس لە دەمیرتاشی پرسیووە: “كاتێك دەستگیر كرایت، ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان زۆر دڵگران بوون بۆت، شتێكت ھەیە بۆ ئەو خەڵكە؟”، دەمیرتاش لە وەڵامدا گوتوویەتی: “با ئەوان دڵگران نەبن و خەمبار نەبن، بەڵكوو تووڕە بن و تووڕەبوونەكەشیان خەباتكردن بێت لەپێناو ئازادی. كام لە رۆشنبیر و سیاسی و سەركردەی كورد، زیندان و ئاوارەیی و ئەشكەنجەی نەبینیوە و نەناسیوە؟ بەڵام ئەمە تا ئەبەد قەدەری ئێمە نییە، ئێمە ئەو قەدەرەی فەلەك دەشكێنین و قەدەری خۆمان دەگۆڕین.
ئێمە بێ ھێز و بێ چارە و بێ ئومێد نین، كەس با دڵگران نەبێت، چونكە بە بەرگریمان، بە دڵنیاییەوە ھەر دەگەینە سەركەوتن. لەم زیندانە ساردەمەوە، بۆ ھەموو ھاووڵاتیێكی ھەرێمی كوردستان سڵاوێكی گەرم دەنێرم و خۆشەویستیی خۆمیان بۆ دەنێرم. خەڵكەكەشمان خەباتی لەسەر حەقیان پێ خۆشە و شانازی بەو خەباتەوە دەكەن. با ھەمووتان دڵتان ئاسوودە بێت، ھێز بدەنە ئەو خەباتەی ھاتۆتە ئاراوە، چونكە ئەم سەدەیە لەگەڵ ئێمە دایە و ھیچ ھێزێكیش لە دنیادا ناتوانێت بەرمان پێ بگرێت.