69 گۆڕی بە كۆمەڵ لە شنگاڵ هەن ناوەڕاستی ئەو مانگە هەڵدەدرێنەوە

 

دوای ئەوەی داعش شنگاڵی داگیركرد, بە هەزاران كەسی لە ئێزیدەكانی كوشت, خستیە گۆرە بە كۆمەڵەكانەوە, ئەگەرچی دووساڵ بەسەر ئازادكردنی شنگاڵ تێپەڕێت, تاكو ئێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵی كوردانی ئێزدی لەو سنوورە دۆزراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو گۆڕانە هەڵنەدراونەتەوە.

بە پی زانیاریەكانی (خواكوڕك) بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە، یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵی شنگال، كە قوربانییانی گوندی كۆچۆی تێدایە، بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵبدرێتەوە.

جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدیان لە دهۆك، ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بوونەتە بابەتی ململانێی سیاسی و داواش دەكات، بە زووترین كات و بە شێوازێكی زانستییانە و بە چاودێریی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی، ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە و پارێزگارییان لێ بكرێت.

لەكاتێكیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی پاشماوەكانی ئەو گۆڕانە پێكهێناوە، تا ئێستا بە دەیان بەڵگە كۆكراونەتەوە و سیمپڵی خوێنی كەسوكاری قوربانییەكانیش بۆ پشكنینی پزیشكی، وەرگیراون.

شایەنی باسە, لەو كاتەوەی شنگال لەلایەن هێزەكانی پیشمەرگەی كوردستانەوە رزگار كراوە، تا ئێستا 69 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، كە هەر یەكێكیان تەرمی دەیان كوردی ئێزدی لەخۆ دەگرێت و تا ئێستاش گەڕان بە دوای گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەردەوامە

Back to top button