گۆڕان داوای كۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ پارتی و یەكێتی دەكات

 

دوای ئەوەی دوێنێ‌ پارتی و یەكێتی لە بارەی پێكهێنانی حكوومەت بۆ ماوەی چوار ساڵ رێككەوتنێكیان واژۆكرد, بزوتنەوەی گۆران داوای كۆبوونەوەی سێ قوڵی نێوان(پارتی و یەكێـتی و گۆڕان) دەكات، بۆ نوسینەوەی بەرنامە و كارنامەی حكوومەتی داھاتوو، پارتیش پێشوازی لە ھەر ھەنگاوێك دەكات, كە ببێتە مایەی لێكتێگەشتن و لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەڵێت: “پێویستە لایەنەكانی پێكهێنانی حكوومەت بۆ نووسینەوەی پلان و كارنامەی حكوومەت بەیەكەوە كۆببنەوە، پێویستە ئەو خاڵانە جێگیر بكرێن، كە دەبێت لە كارنامەی حكوومەتدا هەبن و رێككەوتنیان لەسەر كراوە، بۆ ئەوەی دوای نووسینەوەی كارنامەكە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت”.

بەگوێرەی زانیارییەكان بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەفتەی داھاتوودا كار لەسەر ئەو كۆبوونەوەیە دەكات. لەكاتێكیشدا پارتی دیموكراتی كوردستان گەشبینە بە ئەنجامی دانیشتنەكان و پێشوازی لە هەر هەنگاوێك دەكات بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان، شێخ عەتا ئەحمەد، وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای سلێمانی ـ هەڵەبجە جەخت دەكاتەوە، “ئەو قۆناغەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین، ناوچەكەی خستۆتە بەردەم لێشاوێك ئاڵوگۆڕی ریشەیی و خێرا، بۆیە پێویستە ئەو رێككەوتنانەی پارتی لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی و گۆڕان كردوویەتی، بكرێتە بنەمایەك بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان هەرسێ لایەنەكە”.

ھەرچەند یەكێتی رای خۆی لە سەر كۆبوونەوەی سێقۆڵی دەرنەبڕیوە، بەڵام گۆڕان بەگرنگی دەزانێت، بەبڕوای چاوێرانیش بەردەوامی كۆبوونەوەكان نزیكبوونەوەی زیاتر لەنێوان لایەنەكان دروست دەكات و كۆتایی بە گرژییەكان دەهێنرێت.

Back to top button