رێواس فایەق لەبارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان زانیاری نوێ ئاشکرا دەكات.. ئەو پۆستە بۆ دوو ساڵ رەتدەکەمەوە..
رێواس فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سووربوونی خۆی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو یەكێكە لە كاندیدەكانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان هیچ كەسێكی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكلا نەكردووەتەوە و هەریەكە لە رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی كێبڕكێ لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكەن. ئەوە لەكاتێكدا كە لە ۱۸ـی شوباتەوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردراوە و پارتی بۆ یەكەمجار ژنێكی كردووە بەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێواس فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، ئەگەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت یەكێكم لە كاندیدەكان، وەك فراكسیۆنی یەكێتیش ئامادەین بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.
رێواس فایەق دووپاتی لەوە كردەوە كە سەركردایەتی یەكێتی بریار دەدات كێ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت. سەبارەت بە بژاردەی دووساڵ بە دوساڵ بۆ دوو كاندیدەكەی یەكێتی، رێواس فایەق گوتی: بژاردەیەكی گونجاو نییە و یەكێتی ئەوەی قبووڵ نییە و ئەوە بۆ دوو سیناریۆ و بژاردەیە بۆ دوو حزبی جیاواز دەبێت”.
ڕۆژی ٤ـی شوبات رێككەوتنی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی واژوو كرا بەپێی ڕێككەوتنەكە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتییە و پێویستە لەماوەیەكی دیار كرا یەكێتی كاندیدەكانی یەكلا بكاتەوە.