یەكێتی: سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلا دەكەنەوە

گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد كە سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلا دەكەنەوە.

لەتیف شیخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، جەنابی كاك مەسعوود بارزانی و كاك كۆسرەت لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پارێزگاری كەركووك رێك دەكەون و دواتر پارێزگار دادەنرێت.

گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە یەكێتی تا ئێستە خۆی یەكلا نەكردووەتەوە كە چ پۆستێك لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت. دوای ئەوەی پۆستەكانی یەكلا بووەوە، ئەوا كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕۆژی ٤ـی ئەم مانگە ڕێككەوتنی سیاسییان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان واژوو كرد و یەكێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەیش تایبەت كراوە بە پرسی پۆستی پارێزگاری كەركووك، بەڵام ئەو پرسە تا دوای پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان یەكلا ناكرێتەوە.

Back to top button