نێچیرڤان بارزانی ئامادەی كردنەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری دەبێت

شەقامی ١٢٠ مەتری شاری هەولێر لە ئێستادا تەواو بووە و لە قۆناغی جوانكاریدایە، سەرۆكی شارەوانی ھەولێریش دەڵێت، بە ھەماھەنگیی ئەنجوومەنی وەزیران و شارەوانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی، شەقامەكە دەكرێتەوە.

پەیوەست بە بەشەكەی تری شەقامی ١٢٠ مەتریی خێرا، سامان محەمەد، سەرۆكی شارەوانی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: شەمامی ١٢٠ مەتریی خێرا، نزیكەی ساڵێكە كاركردن تێیدا بەردەوامە، كە درێژییەكەی ٧ كیلۆمەترە، لە نێوان شەقامی كۆیە و كەركووك بەردەوامە و قۆناغی دووەمیش كۆتایی ھاتووە و لە ئێستادا كار گەیشتووەتە چاندنی سەوزایی و سەرقاڵی جوانكارییەكانین، كە بەم زووانە ئەویش بەكۆتا دێت.

سەرۆكی شارەوانی ھەولێر زیاتر گوتی: بە ھۆی كارەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كردنەوەكە كەمێك دوا كەوتووە، چونكە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی شارەوانی بەیەكەوە ھەماھەنگیان دەبێت و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئامادەی كردنەوەی شەقامەكە دەبێت.

شەقامی ١٢٠مەتریی خێرا، ئەو بەشەی نەكراوەتەوە درێژییەكەی ٧كیلۆمەترە و، كارەكانی ئەم بەشە پێك دێت لە ٥ بەرزەپرد و تونێل، ٨ شوێنی گۆڕینی رێڕەوی شەقام، ١ پردی پەپوولەیی، كە دەكەوێتە شەقامی كەركووك.

Back to top button