جێگری قاسم سلێمانی: سوپای پاسداران بەشار ئەسەدی بانگهێشتی ئێرانكرد, بە بێ‌ ئەوەی وەزیری دەرەوەی لێ‌ ئاگادار بكەینەوە

 

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران دەستی لە كاركێشایەوە, بە بێ‌ ئەوە ی هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەكەی ئاماژە پێبدات, ئەمڕۆ جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: “فەیلەقی قودس، بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریای بۆ سەردانی تاران بانگهێشت كردووە و ئەوەی دەبوو ئاگاداری هاتنەكەی بێت، ئاگادارمان كردۆتەوە”.

ئیسماعیل قائانی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس دەڵێت: “كاتێك فەیلەقی قودس، ئەسەدی بانگهێشتی تاران كردووە، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئاگادار كردۆتەوە، بەڵام ئەو لە بیری چووە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەكەی ئەسەد ئاگادار بكاتەوە و ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ حكوومەت”.

هەروەها گوتوویەتی: “سەردانەكەی ئەسەد بۆ تاران زۆر گرنگ و هەستیار بووە، دەبوو تەنها ئەوانە بزانن، كە دەبوو بیزانن، ئەوانەشی پێویست نەبووبێت ئاگاداریان بكەینەوە، ئاگادارمان نەكردنەوە”.

ئاماژەی بەوەش كردووە “ناكۆكیی زۆر هەیە لەنێوان حكوومەت و فەیلەقی قودسدا، بەڵام لە كۆتاییدا ئەم حكوومەتە، حكوومەتی خۆمانە و هەر شەرمەزاریێك بەرۆكی بگرێت، بەرۆكی ئێمەش دەگرێت و لەگەڵ هەموو ئەندامەكانی پێكەوە كار دەكەین”.

قائانی دەڵێت: “قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، هاوڕێی محەمەد جەواد زەریفە و ئێمە هاوشانی حكوومەتی ئێران دەوەستین”.

لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، رۆژی سێشەممە 5/3/2019 رایگەیاند، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەك لە سەردانەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا بۆ تاران ئاگادار نەكراوەتەوە، كە هەفتەی رابردوو ئەنجامی دا.

ئاژانسی ئیسنا لەسەر زاری بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە نوسیبووی: “بڕیاری دەست لە كار كێشانەوەكەی زەریف، وەك ناڕەزایەتیی دەربڕین بووە لە ئاگادار نەكردنەوەی بە هاتنی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا بۆ تاران”.

هەرچەندە محەمەد جەواد زەریف، دەست لە كار كێشانەوەی پێشكەش كرد، بەڵام رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لەلایەن حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێرانەوە رەتكرایەوە و پێیوابووە قەبووڵكردنی دەست لە كار كێشانەوەی زەریف، پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

Back to top button