عێراق: ٥۲۲ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد

دوای ئەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی عێراق جێگیر کرا، پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرای دەکات کە بۆ ئەم مانگەی حکوومەتی عێراق بڕی ٥٢٢ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت ئەمەش ناوەڕۆکی یاسای بودجەی عێراق دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە.

ئیخڵاس دلێمی پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: ” بەمەبەستی دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت پەیوەندیم بە د. فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراقەوە کرد و ئەویش پیڕاگەیاندم کە بڕیاردراوە بە خەرجکردنی بڕە پارەی مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ی ٢٠١٩”.

گوتیشی: “لە چەند ڕۆژێکی کەمی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مانگی ٣ی ئەمساڵ دەخاتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی ٥٢٢ ملیار دینارە ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشووتر ٣١٧ ملیار بوو بەڵام لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق گۆڕانکاریی تێدا کرا”.

 

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کە ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی ئەوەیە کە ناوەڕۆکی یاسای بودجەی ٢٠١٩ چووەتە باری جێبەجێکردنەوە.

 

ڕوونیشیکردەوە کە جگە لە ناردنی ئەو ٥٢٢ ملیار دینارە، لە چەند رۆژی داهاتوو حکوومەتی عێراق جیاوازیی پارەی مانگەکانی ١ و ٢ی ئەمساڵیش دەنێرێت چونکە دەبوو هی ئەو دوو مانگەش هەمان بڕ بێت بەڵام ٣١٧ ملیار نێردرابوو.

 

Back to top button