ئەمریکا بۆ ماوەی پێنج ساڵی تر پەکەکەی لە لیستی تیرۆر هێشتەوە

دوای ئەوەی ئەمریکا بڕی ۱۲ ملیۆن دۆڵاری بۆ ئاشکرا کردنی شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکە تەرخان کرد، جارێکی دیکە ماوەی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ئەمەریکا پەکەکەی لە (لیستی تیرۆر)ی خۆیدا هێشتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە، کە زیاتر لە دوو دەیەیە، پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە و ئەو وڵاتە بەردەوام بەرەنگاریی مەترسییەکانی پەکەکە بووەتەوە و لەگەڵ ھاوپەیمانەکەی لە ناتۆ (تورکیا) کاری کردووە، بۆ پێشگرتن بە کاروباری دارایی و پارە کۆکردنەوەی پەکەکە لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکەدا.

(لیستی تیرۆر) لیستێکە ئەمەریکا دەری دەکات و کۆمەڵێک وڵات و گرووپ و ڕێکخراو لەخۆ دەگرێت، کە مەترسییان هەیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.

لە ساڵی ۱۹۷۹، بۆ یەکەمین جار ئەمەریکا کۆمەڵێک وڵاتی خستە لیستێکەوە، بەناوی (لیستی تیرۆر) کە (عێراق و لیبیا و سووریا و یەمەن)ی تێدا بوو. لە ساڵانی دواتر، کۆمەڵێک وڵاتی دیکەش بۆ ئەم لیستە زیاد کران، وەکوو (ئێران، کووبا، کۆریای باکوور، سوودان)، بەڵام دواتر لەگەڵ نوێکردنەوەی لیستەکان، هەندێ لەو وڵاتانە بەهۆی باشبوونی بارودۆخەکانیان سەبارەت بە ئەمەریکا، لە لیستەکە دەرهێنران.

هاوکات ئەمەریکا پێنج ساڵ جارێک، لیستێکی دیکەش وەکوو (پاڵپشتیکەرانی تیرۆر و ئەو وڵاتانەی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادان)، بڵاو دەکاتەوە، کە ئەوانە ئەکتەری نێودەوڵەتین و لە رێکخراو و گرووپ و پارتی چەکدار پێکهاتوون، کە پەکەکە لەناو ئەو لیستەدایە.

Back to top button