له‌سه‌ر ئالوگۆڕی چه‌ند پۆستێك گۆڕان و خزمه‌ت دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ولێر‌ بایكۆت ده‌كه‌ن

خواكوڕك

وابڕیاربوو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15/11/2016 ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ده‌نگ له‌سه‌ر لیستی ئه‌و ناوانه‌ بدات كه‌له‌لایه‌ن پارێزگاری شاره‌كه‌وه‌ پێشنیاركراوه‌ بۆ چه‌ند پۆستێكی ئیداری، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیستی گۆڕان و خزمه‌ت بایكۆت كرا.

ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌سه‌ر لیستی گۆڕان و خزمه‌ت (كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی) كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێریان بایكۆت كرد به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێیانوایه‌ ره‌چاوى پشكی لایه‌نه‌كان و به‌ركه‌وته‌ى لایه‌نه‌كان نه‌كراوه‌.

خواكوڕك زانیویه‌تی له‌نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆیه‌كی چڕكراوه‌ له‌سه‌ر هۆكاری دانانی ئه‌و ناوانه‌ و نه‌بوونی پشكی لایه‌نه‌كانی دیكه‌، كه‌هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ پێشتر به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، پارتی لیستی زۆرینه‌ی پێكهێناوه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن و ته‌واوی پۆسته‌كانی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌.

له‌ ئێستاشدا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌تایبه‌ت لیستی گۆڕان و خزمه‌ت پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌ له‌ به‌شداری نه‌كردنیان له‌ دروستكردنی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نێو ئیداره‌ی خۆجێی هه‌ولێر، و داوای پشكی لیست و حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌نێو پۆسته‌كانی پارێزگای هه‌ولێر.

Back to top button