سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكومەتی ئوردن كرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە ۷ـی ۳ـی ۲۰۱۹ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی شانشینی ئوردن كرد كە پێكهاتبوو لە د. تارق ئەلحموری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و مەنتەسەر عەقلە باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئۆردۆن لە عێراق.

لە دیدارەكەدا وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن سڵاوی شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویەكانی نێوان هەردوولا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن كردەوە. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و پێكەوەژیانەی لە كوردستاندا هەیە و بە هۆكاری پێشكەوتن و ئاییندەیەكی باشی لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی پادشای ئوردنی كرد و بە دۆست و برای خۆی زانی و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستەكانی پادشای ئزردن لە بەرامبەر گەلی كوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر تاوتوێ كرا.

پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئۆردۆن تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.

Back to top button