سبەی یەكێتی چی دەكات.. رێواس فایەق یان بێگەرد تاڵەبانی دەبێتە سەرۆك پەرلەمان، یەكێتی لەم تەنگەژەیە رزگاری دەبێ؟
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سبەی کۆدەبێتەوە و بە دەنگدان بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکاتەوە.
نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەمیدیای حزبەکەی رايگەیاندووە، کاتژمێر ۱۱ـی رۆژی هەیینی (۸ـی ۳ـی ۲۰۱۹) لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، وەکو نەرمین عوسمان جەختی لەسەر کردۆتەوە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت لەنێوان د. رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی، گوتیشی بڕیاردراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە، دەنگدان بکرێت و کێ بردیەوە دەبێتە بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و، لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان پۆستەکە وەردەگرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کارنامەی حکومەت و رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی تاوتوێ دەکەن و بڕیاری لەسەر دەدەن.