مەسرور بارزانی و یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمەریكا رهوشی سیاسی و ئهمنی عێراقیان تاووتوێ كرد
ئەمڕۆ پێنج شەممە ۷ـی ئاداری ۲۰۱۹ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەنیس ناتالی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسی نوسینگەی ناکۆکیەکان و ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە ئاندریو پیک، یاریدهدهری جێگری وهزیری دهرهوهی ئهمەریكا و جۆی هود هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و ژمارەیەك راوێژکار و بەرپرس ئامادەبوون، پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئەمریکا تاووتوێ کرا.
لەو دیدارە مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی جموجۆڵەکانی داعش لە چەندین پارێزگای عێراق، بۆ بەگژداچوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستان دووپاتی لە بایەخی پەلەکردن لە میکانیزمی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان کردەوە و رایگەیاند، پێویستە بە میکانیزمێکی هاوچەرخ و سەردەمیانە، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کار و گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت.
لەلای خۆیەوە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسی نوسینگەی ناکۆکیەکان و ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور لە هاندانی هێزو لایەنەکانی عێراق بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ کۆی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە بەدیهاتنی ئەو سەقامگیری و ئاشتەواییەی بۆ عێراق دەخوازرێت.
گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رۆڵی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکە بوو.