چەندان لێژنە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق هەماهەنگی دەکەن
دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە رێككەوتن بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكانیان و بەڕێوەبەردنی هاوبەشی ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان, لە ئێستادا لە نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا، چەندان لێژنە بە مەبەستی هەماهەنگیكردن دامەزراون و بە چڕ كار لەسەر چەند پرسێكی گرنگ دەكەن.
د. ناسر یوسف، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادگەیاند: “وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق كردووە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، قۆناغی یەكەم ڕووپێوی ناوچەكە دەكەن لە خانەقینەوە تا مووسڵ، دواتر لەرێگای پێنج لێژنەوە كە دروست كراوە، بەھەماھەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ڕووماڵی ئەو ناوچانە دەكەن و ئیدارەی دەكەن”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە عادل عەبدولمەهدی وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ”ئاگاداری ئەو ڕێككەوتنەیە“.
هەر لەمبارەیەوە نووری حەمەعەلی، یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك و گەرمیان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، حكوومەتی عێراق مەترسی لە درووستبوونەوەی داعش ھەیە، ”ھەمووشمان مەترسیمان لە دروست بوونەوە و بەھێزبوونەوەی داعشە لەو ناوچانەی كە ھێشتا مەترسیدارن، ئەوان زیاتر دەیانەوێت بزانن ئێمە لە كوێین و ئێمەش دەمانەوێ بزانین ئەوان لە كوێن؟ ئەمەش بۆ تاكتیكی سەربازییە، ھەموومان بزانین كە ئەگەر جوڵەیەك كرا چۆنە و چی دەكرێت؟“.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق لێژنەیەكیان پێكھاناوە لە زاخۆوە تا رۆژئاوای دیجلە ”ڕووپێوی“ ئەو شوێنانە دەكەن.