نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەوە

 

داوی ئەوەی لە ماوەی رابردوو هەرێمی كوردستان بووە ناوەندێكی گرنگی ترافیكی سیاسی, ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كۆبوونەوەكە, لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، نیشان دا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كریستیان باك بەڕێوەبەری هەرێمیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە یوگن مۆڵەر، جێگری باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و هێلینا مێركس كۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان بە وەكالەت پێكهاتبوو.

كریستیان باك خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و لە دیدارەكەدا رۆڵی پێشمەرگە و خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە “شەڕی دژی تیرۆر”و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران و پاراستنیان بەرز نرخاند.

بەڕێوەبەری هەرێمیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەردەوامیی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای دووپاتكردەوە.

لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە بەردەوامەكانی ئەڵمانیای لە كاتە سەختەكاندا بەتایبەتی هەردوو بواری مرۆیی و سەربازیدا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، نیشان دا.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی، پێشهاتە ئەمنییەكان، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵە بەردەوامەكانی لایەنە كوردستانییەكان لەمبارەیەوە و چەند بابەتێكی پەیوەست بە پرۆسەی سیاسیی‌ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button