كۆبوونەوەی سبەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ دیاری كردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان دواخرا
دوای ئەوەی بڕیاربوو سبەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دیاری كردنی كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە, بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەلێت كۆبوونەوەكە سبەی ناكرێت و دواخرا.
عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند: “وابڕیا بوو سبەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بۆ دەنگدان لەسەر یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردائەتی دواخرا”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی: “نازانم هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی چییە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكی دیكەدا دەكرێت و بەكۆی دەنگ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان ھەڵدەبژێرین”.
حەمەی مینا، ئاماژەی بەوەش دا، ھەركاتێك كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بەڕێوەبچێت، لەكۆبوونەوەكەدا كارنامەی حوكومەت و ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی تاوتوێ دەكرێت.