نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە لە كۆبونەكەدا نێچیرڤان بارزانی بە شاندەكەی راگەیاند كە پێكهاتبوون لە دێنیس ناتالی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ململانێكان و سەقامگیری و ئەندرۆ پیك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، جۆی هوود هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، ستیڤن فاگن كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرس هەولی بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانمان دەدەین لەگەڵ بەغدا.

بە گوێرەی وێبسایتی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و نەبەردییەكانی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و پێشوازیكردن و پاراستنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بەرز نرخاند و ستایشی پێكەوەژیان و لێبوردەییی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

هەروەها جەختیان لە سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە دیالۆگ كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییەكانی ئەمەریكای لە كاتە سەختەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و پوختەیەكی دەربارەی شەڕی داعش و چۆنیەتیی بنبڕكردنی هزری توندڕەوی و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد، هەروەها ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كیشەكان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و بەپێی دەستووری عێراق دووپات كردەوە.

Back to top button