ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران: ژنان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كییان له كه‌رتى په‌روه‌رده‌وه و پێگه‌یاندنى ڕۆڵه‌كانى ئه‌مڕۆ و داهاتووى گه‌له‌كه‌ماندا هه‌یه
له په‌یامێكدا
له یادى 8ی مارس، ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تاندا، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
8ی مارس، ڕۆژێکی پرشنگدارە لە یادەوریی مرۆڤایەتیدا، یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، ڕێزگرتنە لە خەباتی زیاتر لە سەدە و نیوێکی ئافرەتان و یەکسانیخوازان، لەپێناو یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
لەم یادە شکۆدارەدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەین، مایەی شانازیە کە ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی خەبات و تێکۆشان‌دا هەبووە.
خانمان هەمیشە قوربانیى سەرەکیی توندوتیژی، لە سەرووى هەمووشیانەوە توندوتیژییەکانی جەنگ و ئەو کارەساتانه بوون كه بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، هەر لە ئەنفال و کیمیابارانەوە تا شاڵاوی نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش دەرهەق بە خانمانی ئێزدیمان لە شه‌نگال، بەڵام هیچ ڕووداوێکی کارەساتهێن نەیتوانیوە لە شکۆی ئافرەتی کوردستانی و ورەیان بۆ ژیان، خه‌بات و سەرفرازی، کەم بکاتەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە پەرۆشەوە، وەك پرەنسیپێكی چەسپیوی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی لە كەیسی یەكسانی و مافی ئافرەتانی ڕوانیوە. وێڕای هەبوونی دەستە و دامەزراوەی حكوومیی تایبەت بە ئافرەتان و داكۆكیكار لە مافەكانیان، دۆخێكی لەباریش ڕەخسێنراوە بۆ کار و تێكۆشانی ڕێكخراوە ناحکومییە تایبەتمەندەکانی بواری ژنان و مافەكانیان.
ژنان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كییان له كه‌رتى په‌روه‌رده‌وه و پێگه‌یاندنى ڕۆڵه‌كانى ئه‌مڕۆ و داهاتووى گه‌له‌كه‌ماندا هه‌یه و ساڵ به‌ساڵ ڕۆڵیان له‌م كه‌رته گرنگه‌دا زیاد ده‌بێت. بەرزبوونەوەی ڕێژەی خانمانی پەرلەمانتار و خاوەن پۆستە باڵا و گرنگەکان لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئاماژەیەکی گرنگی بەهێزبوونی بنەماکانی یەکسانییە، ئامادەبوونی ئافرەتی کوردستانی لە بواری سەرمایەگوزاری و کەرتی تایبەتدا، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ بەشداربوونیان لە کۆمەڵگادا و دەبێ هەوڵەکانیان لەم بوارەدا پشتیوانیی جددی لێ بکرێت و زیاتر پەرەی پێبدرێت.
ئەرکی هەموو کەس و گرووپ و لایەنێکی کوردستانییە، بەتایبەتیش دەستەبژێران، پشتیوانی لە پرسی یەکسانی و چەسپاندنی بنەماکانی بکەن لەپێناو ژیانێکی پڕ بەهای جوانی مرۆڤدۆستانە و کۆمەڵگه‌یەکی لێبووردەی یەکسانیخواز و ئاییندەیەکی گەشدا.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵڕۆژی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئەو خانمە قارەمانانەی گەلەکەمان كە لەپێناو مافە ڕەواکانی گەل و نیشتماندا گیانیان بەخشی، سڵاو لە گیانی پیرۆزی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازی.
ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
8ى مارسى 2019
https://www.facebook.com/OfficialNechirvanBarzani/videos/272456723654184/?t=6