بزانە بارزانی چی بە كرواتیەكان گوتووە
خواكوڕك
ڕۆژی سێشەممە 15ـی 11ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیڤان یوریچ باڵیۆزی كرواتیا لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی كرواتیا لە عێراق ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لەپێناو ئازادیدا و ئەوەی خستەڕوو كە زۆر بە باشی هەست بە ویست و هیوای خەڵكی كوردستان و ئەو بەها و قوربانیدانە دەكات كە گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی و ڕزگاری بەخشیویەتی. لە بەشێكی دیکەی وتەكانیدا باڵیۆزی كرواتیا هێمای بە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە دا لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ڕایگەیاند كە پێشمەرگە یەكەم هێز بوو كە ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستا و سەركەوتنی بەدەست هێنا. هەروەها پابەندبوونی وڵاتەكەیشی بۆ پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی كرواتیایشی ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لە بواری ئابووری و گەشتوگوزار و كەرتەكانی دیکە.
لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كرواتیا بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی نیشاندا و سوپاسی گەل و حكوومەتی كرواتیایشی كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش هاوكاری پێشمەرگە بوونە و پشتیوانیان لە گەلی كوردستان كردووە و ڕایگەیاند هەرێمی كوردستان ئامادەیە پەیوەندییەكانی لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ كرواتیا فراوان بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە مووسڵ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كرا.
پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاییندەی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.