بەپەلە .. لەم مانگەوە پاشەكەوتی مووچە هەڵگیرا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە بڕیاریان دا لەم مانگەوە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی هەڵبگیرێت.
ئەمڕۆ هەینی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی كوردستان تایبەت بە پرسی لابردنی پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران و مووچەخۆران ئەنجام درا، دوای كۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆبوونەوەكەی راگەیاند و دووپاتی كردەوە پاشەكەوتی مووچەی لەم مانگەوە بە تەواوی هەڵگیرا.
گوتیشی پەیوەندی بە بڕینی بودجەوە هەبووە لە بەغداوە، دووەم هۆكاریش شەڕی داعش بوو، ۱۱۰۰ كیلۆمەتر سنووری هەرێمی كوردستان بەرەی شەڕ بووە لەگەڵ دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لە جیهاندا، سەرەڕای لەخۆگرتنی سەدان هەزار ئاوارە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كرد كە بەرگەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەیان گرت و دووپاتی كردەوە ئەوان خاوەنی بەڵێنی خۆیانن بەوەی هەر كاتێك دۆخەكە باش بێت و حكوومەت توانای هەبێت، پاشەكەوتی مووچە هەڵدەگرێت.
بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، جەنگی دژ بە داعش، دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی سەدان هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان، ماوەی پێنج ساڵە دۆخێکی ئابووریی دژواریان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت، بەم نزیکانە ئەو دۆخە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بێت.