ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمیان گرت ئەگەر هەر وڵاتێکی ئەورووپایی بووا لەت لەت دەبوو

تەنیا کوردی

– سوێد یەکجار تووشی رووبەڕووبوونەوەی دیپلۆماسی بوو لەگەڵ ئەمەریکا، پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان تێکچوو، خەریک بوو خەڵکەکە رابکات و ترس گەیشتە حکوومەت و خەریک بوو کابینە سوقت بکات، ئەمە راوێژکارێکی باڵای سوێدی وای پێگوتم، ئیدی لەڕووی سایکلۆژییەوە وتی خەڵکەکە بەزوویی تێکشکا و بەزوویی سازشیان بۆ ئەمەریکا کرد، ئەگەر چەند رۆژێکی تر ئەم گوشارەی ئەمەریکا هەبووایە سوێد دەهەژا.

-کۆریای باشوور یەکجار قەیرانێکی بچوک لێی دا، خەریک بوو سازش بۆ کۆریای باکوور بکەن، تا دواجار خەڵکەکە پارەیان بە خشییە حکوومەت تا کۆریای باکوور داگیریان نەکات، ئەمەش پرۆفیسۆرێکی باڵا لە کۆریا پێیگوتم، کە ئەگەر خەڵکەکە نەهاتبووایە سەرهێڵ و زێڕ و پارەیان نەبەخشیبووایە حکوومەت، ئەوا کابینەکەیان سوقت دەبوو و بەرگەری قەیرانیان نەدەگرت.
-ئەمەریکا بەو قەبارە گەورەیی خۆی دووجار کە حکوومەت لەم دووساڵەدا شەت داون بوو، کابینەی ترامپی هەژاند، ئەگەر بەردەوامییەکی درێژی هەبووایە ئەوا کابینە بەهێزەکەی ترامپ بەرگەی نەدەگرت.

-لە فەڕەنسا تەنیا لەبەر باج و بەنزین، خەریک بوو حکوومەت بڕوخێنن، زۆری نەمابوو کابینەی ماکڕۆن بڕوخێ و بەرگەی ئەم ناڕازییە نەگرێ، سەدان نمونەی تر لە وڵاتانی تر، ئەی ئەگەر ئەم دەوڵەتانە هەرێمێک بووان وەک ئێمە و ئەو قەیرانانە بەرۆکی ئەوانیان گرتبا ئایا بەرگەیان دەگرت؟
لەیەک کاتدا؛ بڕینی قووتی خەڵک لەلایەن بەغدا..هێرشی داعش و هێرشی حەشدی شەعبی، بەرەیەکی خائین لەنێوخۆدا و چۆڵکردنی کابینە لەلایەن زۆرینەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان، گوشاری ئێران و تورکیا و عێراق لەسەر هەرێم، ئیدی شەهید و قوربانیدان، هەرزانی نرخی نەوت. لەلایەک پێویستی پارە بۆ بەرەکانی جەنگ، لەلایەک هەڵوەشاندنەوەی پیلانەکانی ئێران و تورکیا و عێراق.

رووبەڕوونەوەی حەشدی شەعبی، لەلایەک رێگرتن لە بەرەی خائین، داخستنی فڕۆکەخانە، گەمارۆی دیپلۆماسی، قەدەغەی سەردان بۆ دەرەوەی هەرێم، داخستنی سنووری عێراق و ئێران بەسەر هەرێم، مانۆری سەربازی لە پشتەوەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، تۆپبارانکردنی سنوورەکان، ژووری ئۆپەراسیۆنی مێدیایی ئیقلیمی لە سلێمانی بۆ بۆردومانیکردنی تاکی کوردستان تا ورەیان بڕوخێ. داخلکردنی تۆڕی تیرۆریست بۆ تەقینەوە..پاڵپشتی سەربازی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ حەشدی شەعبی تا کوردستان بگرێ، بەڵام لە کۆتاییدا کوردستان بەسەر گشت ئەو پیلانانە سەرکەوت.. ئیدی کام دەوڵەت هەیە وەک هەرێمی کوردستان بتوانێ خۆڕاگر بێ و سەرکەوێ. ئەمە شەرەفێکی گەورەیە کە خەڵکی کوردستان خۆڕاگربوون، شەرەفێکی گەورەیە کە کورد خاوەنی پێشمەرگەیە، شەرەفێکی گەورەیە کە مەسیحی و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکە خۆراگڕبوون، شەرەفێکی گەورەیە کە ئەمڕۆ گەیشتینە ئەو دۆخەی کە بڵێین ئێمە لەسەر پێ وەستاوین. بۆیە هەرێمی کوردستان کە نەسڕدرایەوە ئیدی ئەمە یاساییە ئەو هێزەی ناسڕدرێتەوە دەبێتە ئەمری واقیع و بەهێزتر دەبێ.

Back to top button