سبەی قوتابیان و دامودەزگا حكوومی و تایبەتەكان جلوبەرگی كوردی دەپۆشن

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەڵێت، هەموو ساڵێك ڕۆژێك بۆ پۆشینی جلوبەرگی كوردی و نەتەوەیی دیاری كراوە و لە قوتابخانەكانیش كراوەتە ئارەزووماندانە، قوتابییەكیش خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێ بۆ پۆشین و لەبەركردنی جلوبەرگی نەتەوەیی كوردی.

لە ھەرێمی كوردستان ڕۆژێك تایبەت كراوە بە پۆشینی جلوبەرگی كوردی و هەروەها جلوبەرگی ئەو نەتەوانەی لە ھەرێمی كوردستان دەژین، ئەو ڕۆژەش ڕۆژی ١٠ی ئازاری ھەموو ساڵێكە، كە ئەوەش لەسەر خواستی كەسەكە دەمێنێتەوە و بە ئازادانە دەیپۆشێت، ئەو ڕۆژەش زۆربەی قوتابخانە و كۆلێژ و پەیمانگا و دامودەزگا حكوومی و تایبەتەكان دەگرێتەوە.

پەیوەست بە ڕۆژی جلوبەرگی كوردی و نەتەوەیی، دلێر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: “لە ۱۰ی ئاداری هەموو ساڵێك بە بۆنەی یادەكانی ئادار و نەورۆزەوە لە تەواوی قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان جلوبەرگی كوردی لەبەر دەكرێت.”

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر، گوتیشی: “پۆشینی جلوبەرگی كوردی لە قوتابخانەكان كراوە بە ئارەزوومەندانە و هەر قوتابییەك بە خواستی خۆیەتی دەیپۆشێت یان نا، ئاگاداری قوتابخانەكانیش كراوەتەوە بە شێوەی فێستیڤاڵ و ئاهەنگ و چالاكی یادی ئەو ڕۆژە بكرێتەوە.”

جیهان مەجید، كە قوتابیی قوتابخانەی ئامادەیی ڕێفراندۆمی كچانە، پەیوەست بە پۆشینی جلوبەرگی كوردی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و گوتی: “خۆشحاڵین كە لە هەرێمی كوردستان ڕۆژێك بۆ پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆمان و دووركەوتنەوە لە ڕۆتینی وانەخوێندن دیاری كراوە.”

Back to top button