بێگەرد تاڵەبانی: به‌یانى یه‌كێتى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان ده‌كات

بڕیاره‌ سبەی یەك شەممه‌، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمان كۆ ببنەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ناوی ئەندامانی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ‌، بێگەرد تاڵەبانیش لەبارەی بەشداریكردنی یەكێتی لە دانیشتنەكەی سبەی ئاشكراى ده‌كات كه‌ حزبه‌كه‌ى لە ڕێگەی سێ پەرلەمانتارەوە بەشداری دانیشتنەكە دەكەن.

بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى ڕاگەیاند، “لە دانیشتنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كە بڕیارە سبەی ئەنجامبدرێت، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ڕێگەی سێ ئەندامی پەرلەمانەوە بەشداری دانیشتنەكە دەكات”.

بێگەرد تاڵەبانی زیاتر گوتى، “هەریەك لە (ڕێواس فایەق، لوقمان وەردی، زیاد جەبار) بە نوێنەرایەتی فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری لە دانیشتنەكەدا دەكەن كە بڕیارە لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان تیایدا هەڵبژێردرێت و هەر فراكسیۆنێك نوێنەرەكانی لە لیژنەكان دیاریی بكرێت، پێشتر لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان وەك یەكەم لیژنە هاتە هەڵبژاردن و سبەی یەكشەم بڕیار لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی لیژنەكانی تر دەدرێت.

پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 14 لیژنەی هەمیشەییە و سەرۆكایەتی شەش لیژنە لەوانە بەر پارتی و سێ‌ لیژنەی تر بەر یەكێتی و دوو لیژنەیش بەر گۆڕان دەكەوێ‌، هاوكات لیژنەكانی تریش بەسەر فراكسیۆنەكانی تردا دابەش دەكرێ‌.

ڕۆژی 18ی شوبات سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هاتە هەڵبژاردن و تا ئێستە چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە، هاوكات پێشبینی دەكرێ‌ ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەیەكی تری ئاسایی بەڕێوە بچێت.

 

Back to top button