سبه‌ی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان كۆ دەبنەوە

سبەی یەك شەممه‌ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمان كۆ دەبنەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ناوی ئەندامانی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ، كۆبوونەوەكەی سبەی سەعات 12ی نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێت. محەمەد ئیلخانی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، سبەی سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان لە بارەی لیژنە هەمیشەییەكان كۆ دەبنەوە.‌

ئیلخانی ڕوونی كردەوە كە كۆبوونەوەی سبەی دوا كۆبوونەوە دەبێت بۆ دیاریكردنی ئەندامانی لیژنەكان و لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان متمانە بە ئەندامانی لیژنەكان دەدرێت، پێشتر لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان وەك یەكەم لیژنە هاتە هەڵبژاردن و سبەی یەك شەممه‌ بڕیار لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی لیژنەكانی تر دەدرێت

پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 14 لیژنەی هەمیشەییە و سەرۆكایەتی شەش لیژنە لەوانە بەر پارتی و سێ‌ لیژنەی تر بەر یەكێتی و دوو لیژنەیش بەر گۆڕان دەكەوێ‌، هاوكات لیژنەكانی تریش بەسەر فراكسیۆنەكانی تردا دابەش دەكرێ‌.

ڕۆژی 18ی شوبات سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هاتە هەڵبژاردن و تا ئێستە چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە، هاوكات پێشبینی دەكرێ‌ ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەیەكی تری ئاسایی بەڕێوە بچێت.

 

Back to top button