پارتی یادی رێککەوتنی ١١ـی ئادار و ئازادکردنی هەولێر بەرز دەنرخێنێ
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(49)یەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی 11ی ئادار راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا یادی رێککەوتنی ١١ی ئادار و ئازادکردنی هەولێر بەرزدەنرخێنێ کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەمڕۆ (11ی ئادار)، (49)یەمین ساڵڕۆژی راگەیاندنی رێككەوتننامەی (11ئادار)ی ساڵی 1970یە، كە لە نێوان حكومەتی ئەوسای عێراق و سەركردایەتی پارتی بە رابەرایەتی بارزانی نەمر مۆركرا، ئەو رێككەوتننامەیە لە مێژووی گەلەكەمان و بزووتنەوە رزگاریخوازەكەیدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی یەكەمجار بوو حكومەتی عێراق پاش شكستی لە سەركوتكردنی ئیرادەی گەلی كوردستان و پێشمەرگە دلێرەكان، دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیداریی و كەلتورییەكانی گەلی كورد، هەروەها دەروازەیەكی نوێی لە رووی ئاسوودەیی و متمانەوە بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لەسەرتانسەری عێراق خستەسەرپشت، لەهەمان كاتدا وەك رووداوێكی مێژوویی وابوو بۆ هەنگاونان بەرەو دیموكراسی و چەسپاندنی ئارامیی و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا.
رێككەوتننامەكە وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی سەنگ و كاریگەری خۆی هەبوو بەسەر رەوتی بزاڤی رزگاریخوازیی و نەتەوەییمان بەگشتی و لاپەڕەیەكی دیكەی نێو دەفتەری ئەو سەروەریانە بوو لە مێژووی كورد و پارتیمان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانمان لە داهاتوودا، هەروەها كاروانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی بۆ قۆناغ و وێستگەیەكی دیكەی سیاسی پێشكەوتووتر و جیاواز برد، بەجۆرێك لەسەر شانۆی سیاسەتدا وەك هێزێكی كاریگەر و سەرەكی لە بەرەوپێشچوونی رووداوەكاندا خاوەن پێگە و دەور و رۆڵی خۆی بێت.
مۆركردنی رێككەوتننامەی 11ی ئادار جگە لە رەهەندە نێوخۆییەكانی لە سەر ئاستی دەوروبەرو نێودەوڵەتیش سەداودەنگدانەوەی خۆی هەبوو، رای گشتیی جیهانی وروژاندو نێوەندە عەرەبی و جیهانیەكان بەبایەخەوە پێشوازیان لێكرد و بە دەسكەوتێكی گرنگ و بەسوودیان بۆ گەلان و نەتەوەكانی عیراق لەقەڵەم دا.
رێككەوتننامەی (11ی ئادار) كە دەسكەوتێكی هەرەگرنگی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، دوابەدوای ساڵەهای ساڵ لە تێكۆشانی سیاسی و شۆڕشی چەكدارانە و زنجیرەیەك خەباتی بێوچان و خۆراگری و سەرهەڵدانی گەلەكەمان هاتە دی، هەنگاوێكی دیكە بوو بەرەو ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوە لەعیراقدا، ئەمەش بەحیكمەت وپلانڕێژیی بارزانی نەمرو سەركردایەتییەكەی و پێشمەرگە پاڵەوانەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەدەست ھات، كەحكومەتی عیراقی ئەوسای ناچاركرد بەپێی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتننامەیە ملكەچ بكات بۆ داواومافەرەواكانی گەلی كوردوبزووتنەوە رزگاریخوازەكەی.
رێكەوتننامەی (11ی ئادار) لە بارودۆخێكی ناهەموار و دژواردا راگەیەنرا، ئەوسا تاریكی و سەركەوتكاریی باڵی بەسەر عێراق دا كێشابوو، رێ لە دەنگە ئازادیخواز و دیموكراسیەكان گیرابوو، نائارامیی و ئاژاوە ئەو وڵاتەی داگرتبوو، بۆیە ئەو رێككەوتننامەیەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی ئەوسای عیراق پەردەی ئەو نەهامەتیەی داماڵی و، بەپێی رێككەوتننامەكە عیراق بەڵێنی دا بە جێبەجێكردنی بەندەكانی، هەروەها بەیەكەم بەڵگەنامەش دادەنرێ لە رووی یاساییەوە كە بۆیەكەمجار تیایدا بە رەسمی دان بنرێ بە مافە نەتەوەیییەكانی گەلی كوردو بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی عیراق و زمانی كوردیش دووەم زمانی فەرمی بێ لەعیراقداو جگە لە چەندین دەسكەوتی دیكەی گرنگی ئیداری و فەرهەنگی و رۆشنبیریی.
لە رێی ئەو رێككەوتننامەیەوە بنەماو بناغەیەكی راست و دروست بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بەرێگەی ئاشتیانە و دیموكراسیانە داڕێژرا، گرنگی مۆركردنی ئەو رێككەوتننامەیە تەنیا جاڕدانی كۆتایی هێنان نەبوو بە ململانەی خوێناوی، بەڵکو چەند بڕیارێكی مەبدەئی و راستەقینەیشی پێبوو سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتیی لە عێراق و دوارۆژی كێشە نەتەوایەتییە چارەنووسسازەكان، هەروەها لاپەڕەیەكی نوێی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی كردەوە بۆ گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتەو زەوینەیەكی ئەوتۆیشی رەخساند بۆ دابینكردنی ماف و داخوازییەكانی پێكهاتە و نەتەوەكانی دیكەی وەك توركمان و كلد سریان ئاشووری.
سەركردایەتی سیاسی پارتی، ئەوسا مكوڕبوو لەسەر ئەوەی جێبەجێكردنی بەندەكانی رێككەوتننامەكە ئامانجێكی سەرەكی و ستراتیجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردە، سەرەتای قۆناغێكی نوێیە بەرەو گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی گرنگ لەرەوشەكەو ژیانی هاووڵاتیان و پێشكەوتن و گوزەرانیان، كەچی رژێمی بەعس بەردەوام بوو لە قۆرخكردنی دەسەڵات و فەرامۆشكردنی رێككەوتننامەكەو سستی نواندن، بۆیە تادەهات لەبەندەكانی رێككەوتننامەكە پاشگەزدەبۆوە لەوانەش نكوڵیكردن لە شوناسی نەتەوەیی كوردیبوونی كەركووكی دڵی كوردستان و ئەنجامنەدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن و پەیرەوكردنی سیاسەتی سێكوچكەی چەپەڵی تەعریب و تەبعیس و تەهجیر لەو شاروشارۆچكە كوردستانیانەی، كە دەبوایە بەپێی رێککەوتننامەکە سەرژمێریان تیا ئەنجام بدرایە، بەمەبەستی گۆڕین و شێواندنی واقیعی نەتەوەییان و دابڕینیان لە كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێككەوتننامەیە بوو بەبناغەیەك بۆ تەواوی پرۆسەكانی دیالۆگ و گفتوگۆ، كە شۆڕشی كورد لەگەڵ حكومەتی عیراق كردوویەتی، هەروەها بە هاندەر و سەرچاوەیەكی بەهێزی راپەڕینە شكۆدارەكەی ساڵی (1991)و دامەزراندنی قەوارەی شەرعیی هەرێمی كوردستان و گەشەسەندنی پرۆسەی دیموكراسی و ریفراندۆم و بەهێز و پتەوكردنی دام و دەزگا و دامەزراوەكانی هەرێم بوو.
راگەیاندنی رێككەوتننامەی (11ئادار1970) هاوكاتە لەگەڵ رۆژژمێری ئازادكردنی شاری هەولێر لە (11ی ئاداری 1991) هەربەو بۆنەیەوەش پیرۆزباییەكی گەرم و ئەمەكدارانە لە رۆڵە خۆراگرەكانی شاری دێرینی هەولێر ، شاری برایەتی و لێبووردەیی و وەفاداریی دەكەین، شاری شارستانیەت و رەسەنایەتی و پێشكەوتن.
جەماوەری خۆراگری كوردستان..
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان دوابەدوای رەتدانی قۆناغێكی قورسی سیاسی و ئابووری و شەڕی نەگریسی داعش، لە بارودۆخێكی ئەوتۆدایە، كە هەستیارو گرنگە بەو پێیەی لە نێو چەقی رووداو و گۆڕانكارییەكاندایە، وێرای كەموكوڕی و گیروگرفتە لاوەكی و نێوخۆییەكان، هێشتا هەڕەشە و مەترسی دوژمن و نەیاروناحەزانی گەلەكەمان بۆ شكستپێهێنانی ئەو ئەزموونەو پاشەكشەپێكردنی لەئارادایە، بۆیە ئەمڕۆ بارودۆخەكە لەهەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی بە هۆشیاریی و هەماهەنگیی و بەرپرسیاریەتی گشت لایەن و حزبێكی سیاسییە، ئەمەش ئەركێكی پیرۆزی نیشتیمانیە بۆ زیاتر سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پارێزگاریكردن لە پێگەوسەروەری و دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.
بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزباییمان لە خانەوادەوكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و رۆڵەكانی گەلی كوردستان، سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاراستەی تەواوی كوردستانیان دەکەین بۆ تێگەیشتن و خۆڕاگریان بەرامبەر رەوشی ناھەمواری ئابووری چەند ساڵی رابردوو و بڕیاری ناچاریانەی حکومەتی ھەرێم بۆ پاشەکەوتکردنی بەشێکی مووچە، خۆشبەختانە و ھەروەک بەڵێن درابوو، سەرۆکایەتی حکومەت ئەو بڕیارەی ھەڵوەشاندە و کۆتایی بە پاشەکەوتی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی کوردستان ھێنا کە ئەمەش جێگای دەستخۆشی و خۆشحاڵیمانە. ھاوکات دووپاتی دەكەینەوە كە ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هەمیشە مكوڕ و سوورین لەسەرهەمان رێبازی كوردایەتی و پارتایەتیمان بۆ هەماهەنگیی و رێككەوتن و یەكدەنگیی و یەكهەڵوێستی تەواوی لایەن و حزبە سیاسیەكان بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان و بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی كوردستان و حكومڕانیی و پێكهێنانەی كابینەی نوێ لە پێناو ئارامی و باشترکردنی رەوشی گوزەرانی ھاوڵاتیان و زیاتر بەرەوپێش بردنی کوردستان. هەروەها لەگەڵ حكومەتی ناوەندیش جەخت دەكەینەوە لەسەر بەردەوامی هەماهەنگیی و دانوستاندن بۆ دابینكردنی تەواوی ماف و پشك و ئیستیحقاقاتەكانی گەلی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، كە بەپێی دەستوور دانیان پیانراوە وچەسپاون، لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش هەرێمی كوردستان خاوەن جوگرافیایەكی سیاسی گرنگە، بۆیە زیاتر پێویستیمان بە كار و كۆششی بەردەوام هەیە لەرووی سیاسی و دیپلۆماسیەوە بۆ پتەوكردن و پاراستن و داكۆكیكردن لەو پێگەو قەوارە سیاسیە شەرعییەی هەرێمی كوردستان و ئەو ئەزموونە و دەسكەوتەكانمان.
بەرز و پیرۆزبێت (49)یەمین ساڵوەگەڕی راگەیاندنی رێككەوتننامەی(11ئادار)..
نەمریی و سەربەرزیی بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردو كوردستان..
سڵاو لە گیانی پاكی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد..
هەر سەرفراز و شەكاوە بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
11ی ئاداری2019