پارتی: حکومەتی عێراق ئاگادار دەکاتەوە ڕەوشەكە وا بڕوات گرووپە تیرۆریستییەكان بە هێزەوە پەیدا دەبنەوە
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێ، ڕەوشەكە بەو شێوەیە بڕوات لە عێراق گرووپە تیرۆریستییەكان بە هێزەوە پەیدا دەبنەوە، ئەگەر بە ناوی داعشیش نەبێت، بە ناوی دی دەست پێ دەكەنەوە.
دوای ئەوەی لە ساڵی ۲۰۱۷ حكوومەتی عێراق بەفەرمی كۆتاییهاتنی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام لەم ماوەیەدا داعش كەوتووەتەوە چالاكی و چەندین كردەوەی تیرۆریستیی کردووە و بە شێوەی گرووپ و تاقمی جیا جیا لە چالاكیدان. پێوەست بە چالاكییەكانی تیرۆریستان، د. ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: هەرچەندە كاتی خۆی حكوومەتی عێراق كۆتاییهاتنی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام ئێستا داعش بە شێوەی گرووپ و تاقم ماون و لە چالاكیدان و سوود لە ناوچە دوورەدەستەكان وەردەگرن، بەتایبەت ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان.
پێوەست بە ژمارەی چەكدارانی داعش ناسر هەركی ڕایگەیاندووە: ژمارەی چەكدارانی داعش نەزاندراوە و داتاوی ورد نییە لەسەریان. بەڵام ئیدارەی سەقەتی مووسڵ و ناوچە سونییەكانی دی وای كردووە خەڵكێك هاوسۆزی داعش بن. ڕەوشەكە بەو شێوەیە بڕوات لە عێراق گرووپە تیرۆریستییەكان بە هێزەوە پەیدا دەبنەوە، ئەگەر بە ناوی داعشیش نەبێت، بە ناوی دی دەست پێ دەكەنەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران پێوەست بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش جەختی لەوە كردۆتەوە: “عێراق لە دۆخێكی ئاسایشی باشدا نییە، دەبێ ئەمنیەتی ناوچە دوورەدەستەكان و سەرجەم عێراق توندتر بكرێت، متمانە و یەكترقبووڵكردن بۆ پێكهاتەكان بگەڕێندرێتەوە و بە ستراتیجییەکی تۆكمە دژایەتیی بیری توندڕۆی داعش بكرێت.”