سەرۆك وەزیرانی فینلەند دەستی لە كاركێشایەوە
دوای ئەوەی ئەوەی نەیتوانیوە چاكسازی لە كەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستی و كۆمەڵایەتیدا بكات، یۆها سیپیلا سەرۆك وەزیرانی فینلاند لە بڕیارێكی چاوەڕوانەكراودا دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی ساوڵی نینیستۆ سەرۆكی فینلاند كرد, دەستەلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا.
ئەوەی جێی سەرنجی میدیاكانی فینلاند و ئەورووپا بوو، سیپیلا بە ماوەیەكی كورت بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی كاركردنی حكوومەتەكەی دەستی لەكار كێشایەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە ماوەی چوار ساڵی دەستبەكاربوونیدا، توانی ساڵ لە دوای ساڵ پەرەپێدانێكی بەرچاو لە بواری ئابوورییدا بەدەست بێنێت و ئابووری وڵاتەكەی گەیاندە ئەو ئاستەی لە كاتی هەڵبژاردنەكانی رابردوودا بەڵێنی دابوو.
ئەگەرچی وڵاتی فینلاند خاوەنێ یەكێك لە باشترین سیستەمەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی و كۆمەڵایەتیە لە جیهاندا، بەڵام سیپیلا لە ماوەی دەستبەكاربوونیەوە خەریكی چاكسازییەك بوو لە ڕووەكانی كۆمەڵایەتی و تەندروستی كە بە ناوی (سۆتێ) ناسێندراوە، بەڵام لەلایەن پەرلەمانی فینلاندەوە پەسەند نەكرا.
سەرۆكی فینلاند دوای پەسەندكردنی دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیران، داوای لە وەزیرەكانی حكوومەت كرد بەردەوام بن لە راییكردنی كاروبارەكانی حكوومەت، ئەمەش لە كاتێكدایە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند دەكرێت و حكوومەتێكی نوێ دادەمەزرێت.