حەمید ئەفەندی: نزیكەی سەد چەكداری داعشە لە چیای قەرەچوغ هەن, چاڵاكییە كانیان لە پێناو ئەوەیە بڵێن هێشتان لە عێراق ماوین
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو چاڵاكیەكانیان لە سنوری چیای قەرەچووغ زیادی كردوو چەند جارێك لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەو فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆردومانكران, فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای كرد كە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هەوڵ دەدات لە چیای قەرەچووغدا كارێك بكات، تاوەكوو بیسەلمێنێت كە هێشتا لە عێراقدا ماوە و ژمارەی چەكدارەكانیشی لەو چیایە ئاشكرا كرد.
حەمید ئەفەندی، یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی ھێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “داعش ھەتا لە توانایدا بێت، جووڵە دەكات، بەڵام تاكتیكی گۆڕیوە، چەند شوێنێكیان دیاری كردووە بۆ ئەوەی ئەگەر پێیان بكرێت، لە دەرفەتێكدا جمووجۆڵێكی زیاتر بكەن، ھێرش بكەن بۆ ھەندێك شوێن و دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام سەركەوتوو نابن، چونكە ژمارەی چەكدارانی داعش لە قەراج و چیای قەرەچووغ ناگەنە 200 چەكدار، بەڵكوو 100 كەس زیاتر یان كەمترن”.
بە بڕوای ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئەگەر هێزەكانی عێراق لە سنوورەكانی خۆیاندا ”جموجۆڵێك“ بكەن، ئەوا كارێكی باش دەبێت. گوتیشی: ”پێشمەرگە هیچ كاتێك بەرامبەر بە داعش دەستەوەستان نابێت و دەبێت داعش لەو سنوورە بە تەواوی كۆتایی پێ بھێنرێت و ھەر شوێنێك سەر بە ئێمە بێت، ناكرێت داعشی تێدا بمێنێت“.