ئەنجوومەنی وەزیران: 11ـی ئازار بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبووردەیی گەلی كوردستانە

ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئازاری 2019، لە یادی 49 ساڵەی ڕێككەوتنی 11ی ئازاردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠دا لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و حكوومەتی ئەوسای عێراقدا تێدەپەڕێت. ئەم ڕێككەوتنە دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕشی ئەیلوول و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو لە پێناو مافە ڕەواكانیدا.

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، وێڕای ئەوەی دۆكیومێنتێكی گرنگی فەرمی بوو بۆ دانپێدانانی حكوومەتی عێراق بە مافی سیاسی و ئیداری و فەرهەنگیی گەلی كوردستان و ناساندنی شۆڕشە ڕزگاریخوازەكەی، وەك خەباتێكی ڕەوای خاوەن پەیام و ئامانجی نیشتیمانیی دروست، بەڵگەی ئاشتیخوازی و لێبووردەیی گەلی كوردستان و سەركردایەتیی شۆڕشەكەشی بوو، كە هەمیشە دیالۆگ و ڕێككەوتنیان لەگەڵ حكوومەتە یەك بە دوا یەكەكانی عێراقدا بە بژاردەی سەرەكیی خۆیان داناوە.

یادكردنەوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، ڕێزگرتنە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان و خواستی ئاشتیخوازانەی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواكانی، هاوكات وانە و پەندێكی مێژوویی گرنگیشە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە جگە لە بژاردەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و جێبەجێكردنی ڕاستگۆیانەی ڕێككەوتنەكان، هەر بژاردەیەكی دیكە، تەنها كارەسات و ڕووداوی نەخوازراو دەخوڵقێنێت.

هەرێمی كوردستان، لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەكەیشدا، هەمیشە هەڵگری پەیامی لێكگەیشتن و دیالۆگی سەردەمیانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندییەكانی هەموو لایەكە. دڵنیاشین كە ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی هەرێمی كوردستان، لای هەموو لایەك بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت.

لەم یادە شكۆدارەدا، لەگەڵ ناردنی پەیامی ئاشتی و دۆستایەتیی هەرێمی كوردستان و گەلەكەی بۆ سەرجەم گەلانی دۆست و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، ڕێز و ستایش بۆ هەموو هەوڵ و لایەن و هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و دۆستانە دەردەبڕین. بە ئومێدی ئاشتی و برایەتیی بەردەوام بۆ گەلانی ناوچەكە و هەموو جیهان.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ١٩٧٠.

سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

١١/٣/٢٠١٩

 

Back to top button