سەرەڕای ریكەوتنی لەگەل پارتی، یەكێتی ھەوڵی دواخستنی دانیشتنی پەڕلەمان دەدات

سەرەڕای ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کەچی یەكێتی هەوڵی دواخستنی دانیشتنەکەی سبەی سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستان دەدات.

سەعید مستەفا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەماندا چاوەڕوانی یەکێتی دەکەن کە پێش کۆبوونەوەکە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پارتیش لەگەڵ ئەو داواکارییەی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا ”پۆستەکە دەخاتە دەنگدانەوە”.

هیوای ئەوەشی خواست کە یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکاتەوە، تاوەکوو هەنگاوەکانی دواتر لەبارەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاساکە ”کە لەمبارەیەوە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنیش کراوە“، بگرێتە بەر.

(خواكوڕك) زانیویەتی یەکێتی لە ڕێگەی بەشدارینەکردنی لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا، هەوڵ دەدات ئەو دانیشتنە دوابخرێت.

لەمبارەیەشەوە شەمۆل ئەشین سابر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: “تائێستا بڕیاری یەکێتی ئەوەیە کە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا نەکات و رەنگە کۆبوونەوەی سبەی دوابکەوێت، چونکە لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پۆستەکان نەکراون”.

جەختیشی کردەوە کە ”ھێشتا ھیچ بڕیارێکی یەکێتی بۆ بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نییە”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر و لە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئاداری ٢٠١٩، پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەیەکی چەند خاڵی، ڕێککەوتنێکی سیاسییان واژۆ کرد کە ڕۆژی دواتر کۆسرەت ڕەسووڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ڕای گەیاند، حزبەکەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە پابەند دەبێت.

Back to top button