بوتەفلیقە هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەی دواخست و رایگەیاند بۆ خولی پێنجەم خۆی كاندید ناكات
دوای بەڕێكردنی چوار خوڵی سەرۆكایەتی لە جەزائیر, دەنگۆی خۆ كاندید كردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە لە حەزائیر ناڕەزایەتی زۆری بەدواوەهات بە تایبەت بە دوای نەخۆش كەوتنی كە لە ساڵی 2013 بە هۆی نەخۆشیەكەی توانای قسەكردنی لە دەستداوە, بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ جگە لەوەی هەڵبژاردنەكانی 18ـی مانگی وڵاتەكەی دواخستن بوتەفلیقە رایگەیاند خۆی بۆ خولی پێنجەم كاندید ناكاتەوە.
دوای ناڕەزایەتی فراوان و خۆپیشاندانی بەردەوام دژی خۆبەربژێركردنی بۆ سەرۆكی جەزائیر، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی تەمەن 82 ساڵ رایگەیاند “تەمەن و باری تەندروستیم رێگەنادەن جارێكی دیكە خۆم بەربژێر بكەمەوە”.
بوتەفلیقە لە ساڵی 1990ـەوە بۆ ماوەی چوار خولە سەرۆكی جەزائیرە. لە ساڵی 2013ـەوە بە كەمی لە میدیاكان دەردەكەوێت، ئەوەش بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە.
پێشتر بوتەفلیقە لە نەخۆشخانەیەكی سویسراوە رایگەیاندبوو، بۆ جاری پێنجەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی جەزائیر بەربژێر دەكاتەوە، ئەوەش وایكرد هەزاران كەس بڕژێنە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتی دەرببڕن.
لە پەیامەكەیدا، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە حكومەتی هەڵوەشاندەوە و وەزیری ناوخۆی وڵاتی كرد بە سەرۆكوەزیران. هەروەها رایگەیاند، كۆنفرانسێكی نیشتمانیی لەبارەی چاكسازیی سیاسی و دەستووری تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و حكومەتی نوێش سەرپەرشتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكات.
بوتەفلیقە دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانی پەسندكردووە و وەزیری ناوخۆی لەجێگەی ئەو داناوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كە بتوانێت چاودێریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكات، بەڵام هێشتا دیارنییە كەی بەڕێوەدەچن.
دوایەمین گۆڕانكارییەكانی جەزائیر و بەیاننامەكەی نووسینگەی سەرۆكایەتیی جەزائیر، رۆژێك دوای ئەوە هات كە بوتەفلیقە لە سویسراوە گەڕایەوە وڵاتەكەی، كە بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی لەو وڵاتە بوو.