زێدان وەرزی داهاتوو هەوڵی كڕینی 3 یاریزانی سەرەكی دەدات

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی كڕینی 3 یاریزانی سەرەكی بۆ تیپەكەی دەدات.

دوێنێ دووشەممه‌ لە شوێنی راهێنەری ئەرجەنتینی سانتیاگۆ سۆلاری، زێدان بەفەرمی گەڕایەوە سەر ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید و دوای ئەوەی هاوینی رابردوو دەستبەرداری پۆستەكەی ببوو.

ماڵپەڕی (دۆن پاڵۆن)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بودجەیەكی زەبەلاحی خستۆتە بەردەستی زێدان بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوو گرێبەستی یاریزانانی پێ بكات بودجەكەش لە 300 ملیۆن یۆرۆ دەست پێ دەكات تا دەگاتە 500 ملیۆن یۆرۆ.

زێدان بڕیاریداوە بەم پارەیە گرێبەستی ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چیڵسیی ئینگلیزی پێ بكات كە نرخەكەی نزیكەی 125 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

زێدان هەروەها هەوڵی كڕینی یاریزانێكی هێڵی ناوەڕاستیش دەدات و بۆ ئەمەش كریستیان ئیریكسنی ئەستێرەی دانیماڕكی و یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی كردۆتە ئامانج، نرخەكەشی رەنگە 125 ملیۆن یۆرۆ بێت.

زێدان هەروەها چاوی بڕیوەتە یاریزانێكی تریشی یانەی تۆتنهام ئەویش هاری كینی هێرشبەر و كاپتنی یانەكەیە، بەڵام ئەوەش دەزانێ كە زەحمەتە بتوانێ بەرپرسانی یانەی تۆتنهام رازی بكات بۆ دەستبەرداربوون لە هەردوو یاریزانەكەی.

بەمەش راهێنەرە فڕەنسییەكە ناچار دەبێت بۆ هێڵی هێرشبەر روو لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بكات، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە یانەی ریال مەدرید هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ محەمەد سەڵاح یان سادیۆ مانی دەدات، بەڵام مەبەستی سەرەكی زێدان لە یانەكە رۆبێرتۆ فێرمینیۆی هێرشبەری ناوەڕاستی بەڕازیلییە.

یانەی ریال مەدرید ئامادەش دەبێت بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ فێرمینیۆ دەستەوارەیەكی سەرەتایی بە بەهای 150 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بە یانەی لێڤەرپوول بكات.

Back to top button