بەپەلە .. نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان دەركرا

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لەکاتی دەنگدان بە لیژنەکان ئەندامانی لیستی نەوەی نوێ هۆڵی پەرلەمانیان شێواند و سەرۆکی پەرلەمان لە هۆڵەکەی پەرلەمانی كوردستان داوای كرد بچنە دەرەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممه‌ ۱۲ـی ئادار، دوای ئەوەی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان خرانە دەنگدان سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای لە نەوەی نوێ‌ كرد بچنە دەرەوە لە دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی شێواندنی كەیسەكە ئەوەیش بەپێی مادەی ۲۷ی پێڕەوی ناوخۆ.

لە دانیشتنەكە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوای خوێندنەوەی ناوی ئەندامانی لێژنەی دارایی فراكسیۆنی نەوەی نوی  نارازی بوون و رێگەیان نەدا دانیشتنەكە بەئاسایی بەرێوە بچێت و سەرۆکی پەرلەمان بە پشتبەستن بە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان داوای لێ کردن هۆڵەکە جێ بهێڵن.

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بریتییە لە زیادكردنی دوو ئەندام بۆ لیژنەی یاسایی و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەنگدان لەسەریان بەپێی مادەكانی (۲۸ و ۲۹) لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی عێراق.

دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان سەعای ۱۱ـی ئەمڕۆ دەستی پێ كرد و تا ئێستەیش بەبێ بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەردەوامە.

Back to top button