ئەو ئۆتۆمبێلەی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شاری تێدابوو بەبەتاڵی دۆزرایەوە

ئەو ئۆتۆمبێلەی کە مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شاری تێدابوو و لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ڕفێندرابوو، دۆزراوەتەوە.

پۆلیس دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرتووە، بەڵام دەرکەوتووە کە دزەکان، تەواوی ئەو بڕە پارەیەیان دزیوە کە تێیدا بووە و ئۆتۆمبێلەکە بە بەتاڵی بەجێهێڵدراوە.

پێشتر عەمید ئاسۆ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندبوو کە لە تەواوی سلێمانی و قەزا و ناحیەکانیدا بازگەیان داناوە و هەوڵی دەستگیرکردنی دزەکان دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠١٩، لێژنەی وەرگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، لە کاتی گەڕانەوەیان لە بانکدا، لەلایەن سێ چەکداری دەمامکداردا ڕێگەیان لێگیرا و ئۆتۆمبێلەکەیان کە بڕی زیاتر لە ملیارێک دیناری تێدابوو، ڕفێندرا.

 

Back to top button