پێشمەرگە؛ فەرمانمان پێبكرێت ھێرش دەكەینە سەر ئەوشوێنانەی داعشی لێیە

فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە ئاشکرای کرد، تەقەکردن لە ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن چەکدارانی داعشەوە پەرەی سەندووە و پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن تا داعش کۆتاییی بێت و ڕەوشی عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک پێی وایە، ئەگەر چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان نەکرێت ئەوە پێشبینیی سەرھەڵدانی گرووپی مەترسیداری ھاوشێوەی داعش ھەیە، چونکە ماوەیەکە داعش زیاتر جووڵە دەکات و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، داعش بەردەوام دەستی خۆیان دەوەشێنن.”

فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “شانە نوستووەکانی داعش خۆیان مەڵاس داوە و لە ھەندێ ناوچە تەقەکردن لە ھێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپای عێراق سەری ھەڵداوەتەوە، بێگومان جووڵەی چەکدارانی داعش زیاتر لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراقدایە، مەرجیش نییە ئەوانەی ئێستا لە ھەندێ ناوچەی عێراق چالاکن، چەکداری داعش بن، ڕەنگە گرووپ و تاقمێکی دیکە بن.”

نووری حەمە عەلی گوتی: “بۆ ئەوەی ڕێگری لە گرووپە توندڕۆکان بکرێت و ڕەوشی ئەمنی لە عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت، پێویستە کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیانی ھەموو ناوچەکانی عێراق دابین بکرێت، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکان، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ، ھەتا عێراق سیاسەتی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان ئاسایی نەکاتەوە ئەو ھەراوھوریایەی لە عێراق پەیدا بووە، بەردەوام دەبێت، لەگەڵ بەردەوامبوونیشی زیانی بۆ ھەموو عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت.”

لەبارەی جووڵەپێکردنی ھێزی پێشمەرگەوە حەمە عەلی دەڵێت: “جووڵەپێکردنی ھێزی پێشمەرگە بە ئاراستەی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی عێراق کە داعشیان تێدایە، پەیوەستە بە سەرووی خۆمانەوە، لیژنەی ھەماھەنگی ھەیە، بەڵام ھەرکاتێک فەرمان بە ئێمە بکرێت وەک ھێزی پێشمەرگە ئامادەین.”

Back to top button