ئەو گەنجە زاخۆییەی تۆمەتبار بوو بە كوشتنی كچێكی ئەڵمانیا ئەمڕۆ لەبەردەم دادوەر دانی بە تاوانەكەی دانا

دوای ئەوەی گەنجێكی زاخۆ بە ناوی عەلی بەشار كە لە ساڵی 2015 چووە ئەڵمانیا لە ساڵی 2018 بە كوشتنی كچێكی ئەڵمانی تۆمەتبارە، لە بەردەم دادگادا ددانی بە كوشتنی كچە ئەڵمانییەكەدا ناوە.

عەلی بەشار(22 ساڵ)، دوای گەیشتنی بۆ ئەڵمانیا، داوای مافی پەنابەری كردبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، داواكەیان رەتكردبووەوە.

ئەو گەنجە كوردە بە كوشتنی سۆزانا فیڵدمان (14 ساڵ) و دەستدرێژیكردنە سەری لە 23ی ئایار/ مایۆی 2018دا، تۆمەتبار كراوە.

لە سەرەتای دانیشتنی دادگادا، عەلی بەشار روخساری خۆی لەبەردەم میدیای ئەڵمانیدا داپۆشیبوو.

لە دانیشتنەكەدا، عەلی بەشار ددانی بە تاوانی كوشتنی كچەكەدا ناوە، بەڵام رەتیكردۆتەوە، دەستدرێژیی سێكسی كردبێتە سەر.

پێش تاوانی كوشتنی سۆزاناش، پۆلیسی ئەڵمانیا لەسەر رووداوی دزیكردن و دەستدرێژیی سێكسی، دۆسییەی بۆ عەلی بەشار كردبووەوە و لە بەهاری 2018دا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵیدا كردبوو.

Back to top button