ئومێد خۆشناو: رێ بە خۆمان نادەین بەرکەوتەی پارتی بە لایەنەکان بدەین

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕێگە بە خۆیان نادەن بەرکەوتەی پارتەکەیان بە هیچ لایەنێکی دیکە بدەن.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا کەمێک لەمەوبەر ئاشکرای کرد، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە و هەوڵی یەکلاکردنەوەی سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان دەدەن.

ڕوونیشی کردەوە کە پارتی ٧ سەرۆک لێژنە، ٧ جێگر و ٥ بڕیاردەری لێژنەی بەردەکەوێت و ”ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن باشە، ئەگەریش نەگەیشتینە ڕێککەوتن، ئەوا ڕێکارەکان بەردەوام دەبێت، ئەوەشی نەشاردەوە کە سەرۆکی لێژنەی وا هەیە، پێنج فراکسیۆن داوای دەکات، بۆیە هیوای خواست کە لەمبارەیەوە بگەنە ڕێککەوتن.

لەبارەی داواکاریی لایەنەکان و پێداگرییەکانیان، ئومێد خۆشناو ڕای گەیاند: ”ئەگەر لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە بیکەین، ئێمە کۆدەبینەوە و پێویست بەو کۆبوونەوانەی سەرۆک فراکسیۆنەکان ناکات. سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکەی بێلایەنانە کاریان کردووە، ئەگەر بێلایەن نەبن ئەو هەموو کۆبوونەوەیە نەدەکرا. ئەوان داوای ڕێککەوتنمان لێ دەکەن، بەڵام ناکرێ کارەکان ڕابگیرێت. تەوافوق ئەو کاتە درووست دەبێت کە ئێمە لە بەشی خۆمان سازشێک بکەین و ئەوانیش دەیکەین. ئەگەر چاویان لەوە بێت بەرکەوتەی پارتییان پێ بدەین، ئەوە ئێمە ئەو ڕێگەیە بە خۆمان نادەین“.

 

Back to top button