ئیسرائیل ھەڕەشەی ڕاگرتنی ناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران دەكات

وەزیری بەرگری كۆمارى ئيسلامى ئێران، رايگه‌ياند، تاران توانای وەڵامدانەوەی ھەموو ھەڕەشەیەكی ھەیە كە لە كەشتییە نەوت ھەڵگرەكانی بكرێت، ئەوە یەكەم وەڵامی فەرمی بەرپرسێكی ئێرانه‌ بۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كە ھەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو كە ھێزی دەریای ئيسرائيل رێگە لە به‌ قاچاغ بردنی نەوتی ئێران دەگرێت.

شەڕ و ناكۆكی ئێران و ئیسرائیل گەیشتە سەر دەریاش، ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران رايگه‌ياند، توانای پێویستیان بۆ پاراستنی نەوتەكەیان لەسەر دەریا ھەیە,

حاتەمی گوتى: ئەگەر ھەوڵێك بۆ رێگریكردنی ھەناردەكردنی نەوتی ئێران ھەبێت؛ ئه‌وا بە تووندی وەڵامى دەدەنەوە.

ئەوە یەكەم لێدوان و وەڵامدانەوەی فەرمی ئێران بۆ قسەكانی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلە، ناتانیاھۆ ھەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، ئێران بە قاچاغ نەوت ھەناردە دەكات.

ناتانياهۆ گوتيشى: ھێزی دەریایی ئيسرائيل رۆڵی سەرەكی لە رێگریكردن لە به‌ قاچاغ بردنی نەوتی ئێران لەكاتی گەمارۆكان دەگێرێت.

ھەفتەیەك دوای ئەو لێدوانەی ناتانیاھۆ وەزیری بەرگری ئێران گوتى: بە ھەموو توانا سەربازییەكەیان بەرگری لە ھێڵەكانی گواستنەوەی نەوتی ئێران لەسەر دەریا دەكەن.

چاودێران دەڵێن ئیسرائیل ناتوانێت بەئاسانی رێگری لە بەقاچاغ بردنی نەوت لەلایەن ئێرانەوە بگرێت، چونكە كەشتییە نەوت ھەڵگرەكانی ئێران بە ئاڵای وڵاتێكی دیكە نەوت دەگوازنەوە، ئەوەش ئەركی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ ئامانجی رێگریكردن لە ھەناردەكردنی ھەموو نەوتی ئێران قورستر دەكات.

Back to top button